دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم جارێکی دیکە دواخرا

دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر تانەی سەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە و، بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری لەسەر تانەدانی لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 21ی ئەم مانگە دواخست.
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دژی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا زیاد جەبار، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی داوای زیادکردنی کورسیی گشتی دەکات، چونکە لە یەکەم خولی ھەڵبژاردن لە 19ی ئایاری 1992 یەک ملیۆن دەنگدەر ھەبووە، بەڵام کورسیی پەرلەمان 100 کورسیی گشتی و پێنج کورسیی کۆتا بووە، بەڵام ئێستا کە ژمارەی دەنگدەر گەیشتووەتە سێ ملیۆن و نیو لە سکاڵاکە دەڵێت، دەبێت کورسیی گشتی زیادبکرێت بەپێی بەراوردی ژمارەی دەنگدەرانی ئێستا لەگەڵ رابردوو.
لە بەشێكی دیكەی سکاڵاکە دەڵێت، ھەڵبژاردن پێویستە لە یەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ فرەبازنەیی، چونکە کۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات دەبێت وەک ھەڵبژاردنەکانی دیكەی عیراق فرەبازنە بێت، چونکە لە عێراق کار بە سیستمی یەک بازنە ناکرێت.
سكاڵاكە باس لە كورسی كۆتاكان دەكات و دەڵێت، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کۆی 329 کورسی پێنج کورسی کۆتا ھەیە، بەڵام لە ھەرێم لە کۆی 111 کورسی 11 کورسیی کۆتا ھەیە.
بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندی خشتەی فرۆشتنی دۆلاری بڵاوکردەوە و نرخی دۆلار کەمێک دابەزی

بابەتی دواتر

ئاسایشی راپەڕین پێنج تۆمەتباری لەسەر خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share