بەر لە خۆپیشاندانەكەی لایەنگرانی ترەمپ.. هۆشداری لە هەڵگرتنی چەك دەدرێت

پۆلیسی واشنتن دەڵێت هەر كەسێك چەك هەڵبگرێت دەستگیریدەكەن

تادێت نیگەرانییەكان لەبارەی ئەو خۆپیشاندانەوە زیاتر دەبن كە بڕیارە لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە بەر لە ڕاستاندنی بردنەوەی جۆ بایدن لەلایەن كۆنگرێسەوە ئەنجامبدرێت.

بەرپرسانی شاری واشنتن داوایان لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كرد چەك لەو خۆپیشاندانەدا هەڵنەگرن كە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەر لە ڕاستاندنی كۆنگرێس ئەنجامبدرێت و سەدان كەسیان لە هێزەكانی پاسەوانی نیشتیمانی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی بڵاوەپێكردووە.

ڕۆبەرت كۆنتی، فەرماندەی پۆلیس لە پایتەخت لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، هەندێك زانیاریمان پێگەیشتووە دەربارەی هەندێك كەس كە دەیانەوێت چەك بۆ شارەكەمان بهێنن، ئەمەش كارێكە چاوپۆشی لێناكرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە هەر كەسێك دەستگیردەكەن كە چەك هەڵبگرێت یان هانی توندوتیژی بدات.

پاسەوانی نیشتیمانی لە واشنتن لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 سەربازیان ئامادەدەبن بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی مەدەنی و، كۆنتڕۆڵكردنی خۆپیشاندەران و هاریكاری خزمەتگوزارییەكانی ئاگركوژاندنەوە و ڕزگاركردن.

چاوەڕوان دەكرێت هەزاران كەس لە لایەنگرانی ترەمپ، كە لەنێویاندا گروپە نەتەوەییە ڕاستڕەوە یاخیبووەكان هەیە، ئەوانەی بە ئاشكرا چەك لە خۆپیشاندانەكاندا لە ناوچەكانی دیكە هەڵدەگرن، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی دووەم بە كاتی ئەمریكا خۆپیشاندانی ناڕەزایی دژی ڕاستاندنی دۆڕاندنی سەرۆكە كۆمارییەكە لە هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەم لە بەرامبەر جۆ بایدن-ی دیموكراتی لەلایەن كۆنگرێس-ەوە ئەنجامبدەن.

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە كۆنگرێس دانیشتنێك بۆ ڕاستاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆمەڵەی هەڵبژاردن (306 دەنگ بۆ بایدن بەرامبەر 232 بۆ ترەمپ) ئەنجامبدات.

دانیشتنەكە كە لە باری ئاساییدا بەشێوەیەكی سروشتی بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەكرێت لەمساڵدا گەرموگوڕ بێت، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە هاوپەیمانانی ترەمپ لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بەڵێنیاندا ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی دەنگدانی كۆمەڵەی هەڵبژاردن نیشانبدەن، لە هەنگاوێكدا كە دەبێتە هۆی دواخستنی ڕاستاندنی بردنەوەی بایدن، بەڵام ڕایناگرێت.

بابەتی پێشتر

لە ساڵی 2020دا بە بەهای ملیارێك یۆرۆ چەكی ئەڵمانی بۆ وڵاتانی عەرەبی هەناردەكراوە

بابەتی دواتر

شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی سەردانی لایەنەکان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share