ناسا دەیەوێت كورەی ئەتۆمی لەسەر رووی مانگ دابنێت

ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریكی (ناسا) پلاندادەنێت بۆ دانانی كورەی ئەتۆمیی بچوك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر رووی مانگ، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بەرنامەی ئەرتیمیس كە ئامانج لێی سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ مانگ و دانانی بنكەی مرۆییە لەسەری.

ئاژانسەكە هەنگاوی یەكەمی پرۆژەكەی كۆتایی پێهێنا (Fission Surface Power Project) كە لە ساڵی 2022ەوە دەستیپێكردووە، دوای ئەوەی گرێبەست درایە كۆمپانیاكانی پەرەپێدانی كورە ئەتۆمییەكە، بەپێی ئەو راپۆرتەی سایتی (سینس ئەلێرت) لە سایتی (یونیڤێرستی تودیە) بڵاویكردووەتەوە.

داوا لە كۆمپانیاكان كراوە نەخشەی كورە ئەتۆمییەكان پێشكەش بكەن، كە تیایدا سیستمی گۆڕینی وزە و بەڕێوەبردن و دابەشكردنی روونبكرێتەوە، لەگەڵ تێچووی نزیكەیی سیستمەكە.

ناسا دەیەوێت دامەزراوەیەكی ئەتۆمی بونیادبنێت كە پاڵپشتیی بوونی بنكەی مرۆیی لەسەر مانگ بكات لانیكەم بۆ چەندین دەیە، كە دواتر سەرلەنوێ لەسەر هەسارەی مەریخ-یش جێبەجێ دەكرێت.

راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات كە سیستمی وزەی ناسا لەسەر مانگ و مەریخ دەبێتە هۆی (ژیان یان مردن)، وزەی ئەتۆمی ئەگەری هەیە زۆرترین خزمەتگوزاریی وزە بۆ ماوەیەكی درێژ دەستەبەربكات.

ترودی كۆرتیس، بەڕێوەبەری نێردەكان لە ناسا رایگەیاند، پێویستە سەرچاوەی وزەی ئەتۆمی (سەلامەت و پاكژ و متمانەپێكراو) بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرچاوەی وزەكە پێویستە بەشێوەیەكی سەربەخۆ لە خۆر كاربكات، كە توانای بەردەوامیدانیان لە هەوڵەكانی پشكنین بۆ ماوەیەكی درێژ لەسەر مانگ پێدەدات.

هەڵبژاردنی كورەی ئەتۆمیش لەلایەن ناساوە بۆ ئەوەیە كە دەتوانێت بە بەردەوامی و تەواوەتی كاربكات، بەبێ پێویستبوونی بە رووناكی خۆر، بەتایبەتیش كە شەوی سەر مانگ بۆ ماوەی نزیكەی 14 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ناسا دووپاتیشیدەكاتەوە، لەهەمان كاتدا تێكەڵەیەك لە دامەزراوەی وزەی خۆر و ئەتۆمی دەستەبەردەكات بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەكانی كارەبا بۆ تاقیگە جیاوازەكان.

ناسا ئامادەكاری بۆ ئەركی (ئەرتیمیس)، كە دووەم نیشتنەوە لەسەر رووی مانگ لەلایەن كەشتیوانانی ئاسمانییەوە لەخۆدەگرێت، دەكات و، چاوەڕوان دەكرێت بەر لە ساڵی 2027 رووبدات.

ئامانجی بەرنامە ئەرتیمیس ناردنی یەكەم ژن و یەكەم كەسی ئەوەی ناودەبرێت بە (پێست رەنگاوڕەنگ)ە بۆ سەر مانگ، سەرەڕای بونیادنانی بوونی بەردەوامی مرۆڤ لەسەر مانگ، وەك ئامادەكارییەك بۆ رووكردنە مەریخ، وەك ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

ترەمپ هەڕەشە لە کۆچبەران دەکات لەئەگەری بوونەوەی بە سەرۆک

بابەتی دواتر

جەبار یاوەر: ئەو هێزانەی هاوپەیمانان ئێستا لە عێراقن راوێژکاریین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share