ئەمشەو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان و سوننەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە فراکسیۆنە کوردییەکاندا تەنها دوو پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە، فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکە و سوننەکان بایکۆتمان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پێمان وایە مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق گرنگە و ناکرێت لەم دۆخەدا بچنە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای پاراستنی سەروەريی خاکی عێراقمان کردووە.
ئاشکراشیکرد، لەبەرئەوەی لەناو فراکسیۆنە کوردییەکاندا بۆچوونی جیاواز هەیە، پێمان وانییە بتوانن چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لێبدرێت.