جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە پەرلەمان هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش هاوڕان كە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت.
كەریم شكور جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاسان نییە و پێكهاتەی سوننە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەبێت هەماهەنگی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا بكات و لە ئێستاشدا پۆستەكە بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێت تا ئەو كاتەی سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێرێت.
سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ” هەوڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەستپێدەكەین و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لە پەرلەمان هاوڕان كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت وهیچ كەسێك دژی نییە”.