بابەتێكی نوێ بۆ پرۆگرامی خوێندنی زانكۆكانی هەرێم زیاددەكرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆیەكی ئەمریكی بابەتی (پەرەپێدانی توانای كارسازی) دەکرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند، بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری توانای داهێنان و کارسازی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (MIT) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆژەی دامەزراندنی سێنتەرەکانی کارسازی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەشڵێت، “لە هەنگاوی یەکەمى پرۆژەکەدا ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی (MIT) راهێنانیان پێکراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەئەستۆدەگرن”.

ئەرکی ئەو سێنتەرانە بریتی دەبێت لە داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە راهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن، هەروەها ئەم سێنتەرانە کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی راهێنان و فێرکردنی بەردەوام دەربارەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی، لەهەمان کاتدا کارئاسانی دەکەن بۆ ڕێکخستنی ئەو چالاکیانەی کە پەیوەندیدارن بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە و دروستکردنی مۆدێلی نوێی کارسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، وەك ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پێداوە.

پرۆژەكە لەلایەن حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کونسوڵگەری گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر پشتیوانی دەکرێت و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و ڕێکخراوی (IREX) و زانکۆی (MIT) جێبەجێ دەکرێت.

زانکۆی (Massachusetts Institute of Technology) (MIT) لە زانکۆ ئاست بەرزەکانی جیهانە و لە ریزبەندی نێودەوڵەتیی (شانگهای) لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی سێهەمدایە و بڕیارە بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان کاربکات.

بابەتی پێشتر

پارێزگاری كوەیتی سەردەمی سەدام كۆچی دواییكرد

بابەتی دواتر

ئاگادارییەك لە هاتوچۆی سلێمانییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share