پەرلەمانتاران: چاكسازی هێواشە و پێویستیشە لە داهاتەوە دەستپێبكات

دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی بڕیاری ڕاگرتنی موچە و خانەنشینی زیاتر لە 10 هەزار كەس لەوانەی دوو یان زیاتر موچەیان هەیە دەركرد، سەرۆك فراكسیۆنێك دەڵێت، چاكسازی پڕۆسەیەكی زۆر هێواشە و حكومەتیش ئەوەندەی دیكە هێواشتری كردوەتەوە و سەرۆكی فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت، دواخستنی پڕۆسەی چاكسازی دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی پارتە دەسەڵاتدارەكانی پێكهێنەری حكومەت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە بڕیاری ژمارە (1) كە لە ڕۆژی دووشەممە 4ی كانونی دووەم بە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری دەرچووە موچە و خانەنشینی 10 هەزار و 609 كەسی ڕاگرت.

بڕیارەكە، كە پشت بەستە بە یاسای چاكسازی ژمارە (2) ساڵی (2020) و پەیرەوی جێبەجێ كردنی یاسای چاكسازی لە موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكردووە ئەو کەسانە لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر ناویان تۆماركراوە. دەشڵێت، كۆی ئەو كەسانە كە ” بە نایاسایی موچە وەردەگرن” ژمارەیان 21 هەزار و 588 كەسە.

قۆناغی یەكەمی بایۆمەتری، كە تایبەتە بە وردبینكردنی ژمارەی موچەخۆران و نەهێشتنی دوو موچە و چەند موچەیی، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2016 دەستی پێكرد و لەو قۆناغەدا ژمارەی ڕاستەقینەی موچەخۆران دیاریكرا كە نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار موچەخۆرە.

لە 7ی ئەیلولی 2020ش لیژنە‌ی باڵای بایۆمە‌تری قۆناغی دووەمی پڕۆسەكەی دەستپێكرد و لیژنە‌یە‌كی بۆ یە‌كلاكردنە‌وە‌ی فرە‌ موچە‌یی نایاسایی پێكهێنا، بەمەش بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی دەكەوێتە نزیكەی سێ مانگ پاش دەستپێكردنی ئەو قۆناغە.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی سەوزی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەوەی گرنگە دەستپێكردنی پڕۆسەكەیە بۆ ئەوەی دوو موچە و سێ موچەی نایاسایی هەیە ببڕدرێت.

دەربارەی دواكەوتنی هەنگاوەكەش وت، “پرسی دوو موچەیی وردەكارییەكی زۆری تیایە، كاتێك دەڵێیت دوو موچە لەوانەیە جۆرێك لە هەڵەی تیابێت و لەیەكچوونی ناو بێت، یان هەموو دوو موچەییەكان نایاسایی نییە، تیایەتی بە یاسا ڕێكخراوە، بەهۆی ئەوەش كە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكە، دەبێت هەندێكی زۆر وردەكاری تیابكرێت”.

لەگەڵ ئەوەشدا زیاد جەبار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە “چاكسازی پڕۆسەیەكە بەهیواشی دەڕوات بەڕێوە و، حكومەتیش ئەوەندەی دیكە هێواشتری كردوەتەوە”.

“گرنگترین چاكسازی ئەوەیە كە لە سەرچاوەكانی داهاتدا بكرێت، نەك تەنها لە خەرجیدا بكرێت، هەرچەندە ئەوە یاسایەكی هەیە و بەپێی ئەو یاسایە ئەو چاكسازییانەش دەكرێت” سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز وای وت.

ڕۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2016 پرۆسەی بە بایۆمەتریکردنی موچەی موچەخۆران لە پارێزگاکانی هەرێم دەستیپێکرد و تا كۆتاییەكانی نیسانی 2017 تۆماركردن درێژەی كیشا و تیایدا سەرجەم موچەخۆران تۆماركران و پڕۆفایلێكی تایبەتی ئەلیكترۆنییان بۆ كرایەوە.

وەك بەشێك لە پشتیوانی ئەو هەنگاوانەی پڕۆسەی بایۆمەتری لەسەر بونیادنرا لە 16ی كانونی دووەمی 2020 یاسای چاكسازی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا و لە 3ی شوباتی هەمان ساڵ لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە واژووی لەسەركرا، بەمەش نزیكەی ساڵێك بەسەر پەسەندكردنی یاسای چاكسازیش تێپەڕبوون، بەڵام تازە بەرهەمی چەند هەنگاوێكی بەدیدەكرێت.

محێدین حەسەن، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دواخستنی پڕۆسەی چاكسازی و ئەو بڕگانەی لە یاساكەیدا هاتووە دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی پارتە دەسەڵاتدارەكانی پێكهێنەری حكومەت.

وتیشی، “چاكسازی بنەڕەتی و دروست پێویستە لە هەمان كاتدا لە داهات و خەرجیدا بكرێت، نەك تەنها لە خەرجی و پشتگوێخستنی ئەو بەهەدەردان و بردنەی لە داهاتە جۆربەجۆرەكانی دیكەدا دەكرێت”.

سەبارەت بە بڕیارەكەی وەزارەتی دارایش محێدین حەسەن ئەوەی خستەڕوو كە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، چونكە بەشێكی بەرچاو لەوانەی دوو مووچە و زیاتریان هەیە، بە یاسا ڕێكخراوە، بەشێكیشیان بڕێكی هێندە كەمە كە لە 200 هەزار دینار زیاتر نابێت، ئەمەش داهاتێكی ئەوتۆ بۆ حكومەت ناگەڕێنێتەوە.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە “هەنگاوەكە ئەرێنییە، بەڵام چاكسازی ڕاستەقینە پێویستە لە دەروازەكان و پشكی كۆمپانیاكان و داهاتی نەوتدا و سەرچاوەكانی دیكەی داهاتدا بكرێت، بەڵام ئیرادەیەك لەم ڕوەوە نابینرێت، چونكە كۆمپانیاكان و سودمەندانی بەهەدەردانەكانی ئێستا هەر خۆیان دەسەڵاتدار و خاوەن بڕیارن”.

بابەتی پێشتر

توركیا كچە كوردێكی دەستگیركرد

بابەتی دواتر

ڕالی داکار لە بیابانی جدە- سعودییە، تاوەکو ئێستا کارلۆس ساینز لە پێشەنگدایە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

عەلی حەمەساڵح دەبێتە حاجی

عەلی حەمەساڵح دەچێتە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.‏ عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی…
Total
0
Share