بایدن داوا لە کۆنگرێس دەکات بە خێرایی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا پەسەند بکات

بایدن رۆژی چوارشەممە نامەیەکی ئاراستەی چەند ئەندامێکی کۆنگرێس کرد و داوای لێکردن بە خێرایی رەزامەندی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بە بڕی 20 ملیار دۆلار بە تورکیا بدەن.

چوار سەرچاوەی ئاگادار بابەتەکەیان بۆ رۆیتەرز پشتڕاستکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، تا ئێستا کۆنگرێس بە فەرمی لەو بابەتە ئاگادارنەکراوەتەوە و نامەکە بە تایبەت بۆ چەند ئەندامێکی کۆنگرێس نێردراوە لە رۆژی چوارشەممەدا.

ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای قبوڵکردنی بەئەندامبوونی سوید لە رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ دێت لەلایەن تورکیاوە لە پەرلەمانی وڵاتەکە لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە داوای لە تورکیا کرد کە بە فەرمی پەسەندکردنی سوید لە ناتۆ کۆتایی پێبهێنێت، بۆ ئه وه ش پێویستە ئەردۆغان یاساکە واژوو بکات، که دواتر له رۆژنامەی فەرمی تورکیادا بڵاودەکرێتەوە.

ساڵی 2022 سوید و فینلاند داوای چوونە ناو ناتۆیان کرد، دوای ئەوەی رووسیا لە شوباتی ئەو ساڵەدا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەندامێتی فینلاند قبوڵکرا، بەڵام هەوڵی سوید لەلایەن تورکیا و هەنگاریا راگیرابوو.

هەموو ئەندامانی ناتۆ پێویستیان بە پەسەندکردنی داواکارییەکانی ئەو وڵاتانە هەیە کە دەیانەوێت بەشداری هاوپەیمانییەکە بکەن. کاتێک سوید و فینلاند داوای بەشداریکردنیان کرد، تورکیا ناڕەزایەتی دەربڕی لەسەر ئەوەی کە بە قسەی تورکیا ئەو دوو وڵاتە پەناهەندەی گرووپە تیرۆرستییەکان دەدەن.

لە هەمان کاتدا، ئەمریکا سەرەتا نەیدەویست فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 بداتە تورکیا هەر بۆیە پێدەچێت رێککەوتنەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەو جۆرە بووبێت لە پێناو بوون بە ئەندامی سوید لە ناتۆ.

 

 

بابەتی پێشتر

داوای دانانی بەپەلەی جێگرەوەی حەلبوسی دەکرێت

بابەتی دواتر

یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاوتوێکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share