وەفدی دانوستانكاری هەرێم رایدەگەیەنێت، “ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەكان خستوومانەتە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دوایین پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغداد كرا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت، و تیشكخرایە سەر هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستووریەكانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری كێشەكان.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا نیازی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختیلێكرایەوە و ئاماژە بەوەدرا ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاوەكو گفتوگۆكان بگەنە رێكکەوتن و چارەسەر و هەرێمی كوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەكان خستوویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان خرایەڕوو كە ئەم بابەتەش پێویستی بە رێگاچارەی هاوبەش و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەكە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.