کەشناسیی هەرێم: بارینی باران و بەفر دەستپێدەکاتەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ و سبەینێ لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتى نیمچە هەور دەبێت هەندێ کات دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان  لە دواى نیوەڕۆ بەردەوام هەور دەبێت و هەندێک کات نمە باران دەبێت بەتایبەت لە دواى نیوەڕۆ، لە سەنتەرى پارێزگاکان ئەگەرى نمە باران هەیە بەتایبەتى لە کاتەکانى ئێوارە، هەروەها ئەگەرى هەورە تریشقەش هەیە لە هەندێ ناوچە لەکاتى باران بارین.

باس لەوەش دەکات، هەر ئەمڕۆ لە هەندێک ناوچە باران بارین زیاتر دەبێت بە تایبەت لە ( کۆیە، بارزان، ئاکرێ ،شیلادزێ، سۆران، چۆمان، چەمانکێ)، لە شەودا بەفر لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبارێت، پلەکانی گەرما بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ کەمێک بەرزدەبنەوە.

لەبارەی کەشوهەوای سبەینێوە ئاماژە بەوە دەکات، هاتنى بارستە هەوایەکى سارد، دەبێتە هۆى نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى (6-8)پلە ى سیلیزى لەگەڵ زیادبوونى کاریگەریى نزمە پاڵە پەستۆى دەریاى ناوەڕاست.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، سبەینێ لە هەرێم بە گشتى باران دەبارێت بەشێوەى نمە باران لە کات و ناوچەى جیا جیا و لە هەندێک ناوچە بارانى مامناوەند دەبێت، بەفر لە زۆربەى لوتکەى شاخە بەرزەکان دەبارێت، پلەکانی گەرما بە ( 6 -8) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزمدەبنەوە.

 

بابەتی پێشتر

سودانی: پشتگیریمان بۆ دەسەڵاتی دادوەری و سەربخۆییەکەی دووپاتدەکەینەوە

بابەتی دواتر

بۆرییەکی غاز لە سنوری کەرکوک تەقیووە و بەهۆیەوە گوندێک چۆڵکراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share