یوڤانتۆس کۆتا ئۆفەری پێشکەشی دیبالا کردووە: واژوویبکە یان بڕۆ

یانەی یوڤانتۆس کۆتا ئۆفەری بۆ نوێکردنەوەی بۆندی دیبالا پێشکەش کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی کۆتاییە

بەڕێوەبەرانی یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی هەوڵەکانیان بۆ نوێکردنەوەی بۆندی پاولۆ دیبالا دەستپێکردووە، ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە ڕێککەوتن لەنێوان جەمسەرەکان نەکرێت.

ماڵپەڕی فوتباڵ ئیتاڵیا ئاشکرایکردووە، بۆندی نێوان پاولۆ دیبالا و یانەی یوڤانتۆس تاوەکو هاوینی 2022 بەردەوامی دەبێت، لەو ماوەیەدا ناوبراو موچەی ساڵانە بەبڕی حەوت ملیۆن یورۆ بەدەستدەهێنێت، بەڵام لەدوای کڕینی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ماتیاس دی لێخت خشتە و ڕیزبەندی موچەخۆرانی یانە لەڕووی داراییەوە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، ئەوەش هەرگیز بە دڵی دیبالا و لێپرسراوی کارەکانی نەبووە.

بەپێی سەرچاوەکە، ئەستێرەکەی ئالبی سیلسیتی داوایکردووە موچەی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت، لە وەڵامدا ئیدارەی بیانکۆنێری چەند ئۆفەرێکیان پێشکەشکردووە و سەرجەمیان ڕەتکراونەتەوە.

کۆتا ئۆفەری یانە ئیتاڵییەکە تەرخانکردنی 10 ملیۆن یورۆ موچەی ساڵانە بووە، بڕیاریشیانداوە لەو ئۆفەرە بەهێزتر پێشکەشنەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکەی ئەرجەنتین وەڵامێکی فەرمی نەداوەتەوە.

ئەگەر بێتو دیبالا بە کۆتا ئۆفەری یوڤی قایلبێت و بۆندەکەی تاوەکو 2024 نوێبکاتەوە، دەبێتە دووەم گرانبەهاترین یاریزانی یانە لەدوای کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لەگەڵ ماتیاس دی لێختی بەرگریکاری هۆڵەندی هاوتادەبێتەوە.

فوتباڵ ئیتاڵیا بە دووریشی نەزانیوە، یاریزانەکە خواستی لەسەر زیاتربێت و کۆتا ئۆفەر ڕەتبکاتەوە، ئەوەش ناچاریدەکات پەیوەندی بە یانە و خولێکی دیکەوە بکات.

بابەتی پێشتر

داڤید ئالابا .. ڕیاڵ مەدرید بە بەردێک چوار چۆلەکە دەکوژێت

بابەتی دواتر

پێنج زۆرانبازی ناوداری (WWE) لەسەرەتاوە پاڵەوانی لەشجوانی بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share