ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بانكی ناوەندیی عێراق تا كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی بە كاركردن بە سەكۆی ئەلیكترۆنی حەواڵەكردنی دۆلار دەهێنێت.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عێراق كە ئەمڕۆ دەرچووێندراوە و ئاراستەی بانكە موڵەتپێدراوەكانی كردووە، بانكی ناوەندیی تا كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی دێنێت بە كاركردن بە سەكۆی ئەلیكترۆنی حەواڵەكردنی دۆلار كە لە ساڵی رابردووەوە كاری پێكراوە.
راشیگەیاند ئەم هەنگاوە لەپێناو پێشخستنی كەرتی بانكی و هاندانی بانكەكانە بۆ دروستكردنی پەیوەندی دارایی و بانكیی پتەو لەگەڵ بانك و دامەزراوە داراییە جیهانییەكاندا، لەم پێناوەشدا پێویستە بانكە عێراقییەكان چەند رێكارێكی دارایی و كارگێڕی بگرنەبەر تا بتوانن راستەوخۆ پەیوەندی ببەستن لەگەڵ بانكەكان لە دەرەوەی وڵات و كاری سەكۆ ئەلەكترۆنییەكەش لە ساڵانی داهاتوو تەنها دەبێتە چاودێری و وردبینیكردنی پرۆسەكە.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، ئەگەر رێكارانە سەركەوتووبێت ئەوا كاریگەرییەكی باشی دەبێت لەپێشخستنی كەرتی بانكی عێراق و باشتركردنی تەرازووی بازرگانی و جێگیركردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و دراوە بیانییەكانی تر.