بۆ دەربڕینی هاوخەمی بەرامبەر هێرشەكەی شەوی رابردووی هەولێر، لە دهۆك ماتەمینیی گشتی راگەیەنرا.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بۆ دەربڕینی هاوخەمی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و بنەماڵەی قوربانییان لە ئەنجامی ئەو هێرشەی كرایەسەر شارەكە و بەهۆیەوە چوار هاوڵاتیی مەدەنی بوونە قوربانی و چەند كەسێكی دیكەش برینداربوون، لە سەرانسەری پارێزگای دهۆك بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینیی گشتی رادەگەیەنن.
عەلی تەتەر هێرشەكەی شەوی رابردووی سەر هەولێر بە “ترسنۆكانە” ناودەبات و ئیدانەی دەكات.
كەمێك پێشتریش ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە پەیامێكدا رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی 3 رۆژ ماتەمینی گشتیی رادەگەیەنین.
شەوی رابردوو لەڕێی هێرشێكی مووشەكییەوە باڵەخانەیەك لە هەولێر كرایە ئامانج و بەهۆیەوە چوار كەس گیانیان لەدەستدا و شەشی دیكەش برینداربوون.