وتەبێژەكەی موقتەدا سەدر هێرشدەكاتە سەر گرووپەكانی حەشدی شەعبی و مالكی و دەڵێت، “پێشوازییان لە بەشداریكردنی ئەمریكا لە شەڕی دژ بە داعشدا كرد.”
دوای زیادبوونی هەڕەشەكانی حەشدی شەعبی لە ئەمریكا، شێخ سەڵاح عوبێدی، وتەبێژی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر ڕایگەیاند، “ئەمریكا لەسەر داوای حكومەتی عێراق هات و لە دژی داعش شەڕی كرد، گرووپە چەكدارەكانیش پێشوازییان لێكرد.”
وتیشی، “گرووپە چەكدارەكان ئامادەنەبوون شەڕی داعش بكەن، ئەوكات سەدر پێیوتن ئەو ڕەفتارەیان بیانوو دەدات بە ئەمریكا بۆ ئەوەی لە عێراق بمێنێتەوە.”
وتەبێژەكەی سەدر لە دیدارێكی تەلەڤیزیۆنیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە گرووپەكان كەتائیبی حزبوڵا و نوجەبا و سەئروڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق، خزانە نێو حەشدی شەعبی و پابەندی ڕێكار و ڕینماییەكانی حكومەت و عادل عەبدلمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشوو نەبوون.
شێخ سەڵاح عوبێدی ڕەخنەی لە نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق گرت و تۆمەتباریكرد بەوەی رۆڵی هێزەكانی حكومەتی لاوازكردووە و ئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی داعش و دواتریش بەهێزبوونی بەشێك لە گرووپە چەكدارە شیعەكان.