سیامەند موعینی: لە جەنگی سێیەمی جیهاندا کورد ڕۆڵی خۆی سەلماندووە

هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پژاک پێی وایە کورد لە ناکۆکییەکانی ناوچەکەدا کە ئەو بە “جەنگی سێیەمی جیهانی بە وەکالەت” ناویبردووە ڕۆڵی خۆی سەلماندووە و دەبێت زیاتر چاوکراوەبێت.

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئەڵتەرناتیڤ ڕایگەیاندووە، ”  کورد هەبوونی خۆی سەلماندووە و دەیەوێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، کورد ئەمڕۆ فاکتەرێکی دیاریکەرە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەر هێزێک کە هاوپەیمانی کوردەکان بێت، لەم کێبڕکێیەدا سەرکەوتوو دەبێت”.

موعینی ئاماژەی بەوەشکردووە، ” قۆناغی ڕێککەوتنی لۆزان تێپەڕیوە و قۆناغی نوێ بژاردەیەکی نوێی لە پێش کوردەکان داناوە، تا بە خوێندنەوەیەکی نوێ ڕێگای ئازادیی خۆیان بدۆزنەوە و بۆئەوەش پێویستی زیاترمان بە کۆدەنگی و یەکڕیزی هەیە”.

لەبارەی دۆخی ئێرانەوە سیامەند موعینی ڕایگەیاندووە، ” ئێران فشاریکی زۆری لەسەرە و بێ پشتیوان ماوەتەوە، ناچارە باج بە ئەمریکا بدات، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوێت، سیاسەتی بە سەربازیکردنی کۆمەڵگا توندتر دەکاتەوە و دەسەڵاتەکەی یەکدەست دەکاتەوە، لە ئاستی دەرەوەش ناچارە بە نەرمی نواندن، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەمریکا تا بتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات، دەسەڵاتدارانی ئێران پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووبار مەلە دەکەن و لە ئەنجامدا ناچارن کە وچانێک بدەن و بوەستن”.

هاوسەرۆکی پژاک هەر لەسەر دۆخی ئێران وتوویەتی، ” قەیرانی ئابوری و ناکارامەیی بەڕێوبەرایەتی باڵای وڵات، گەلانی ئێرانی بێزار کردووە و گەیاندوویانەتە سنووری تەقینەوە، دەسەڵاتی ئێران لەوە تێگەیشتووە کە دەمێکە ڕەوایەتییان نەماوە و تەنیا ڕێگەی مانەوەیان دروستکردنی کەشوهەوایەکی ترس و تۆقاندن و بە سەربازیکردن و تیرۆر لە ناوخۆیە، بۆیە پرۆژەی دەسەڵات یەکدەستکردنی سیستمە، واش پیلانیان داناوە کە کەسایەتییەکی سەربازی بکەن بە سەرۆک کۆماری داهاتوو، تا لە ئەگەری نەمان و مردنی خامنەیی کۆنترۆڵی وڵاتیان لە دەست نەچێت و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، دەسەڵاتی دیکتاتۆر و مافیایی ئێران تەنیا شتێک کە بیری لێناکاتەوە دیموکراسی و ئازادییە، چونکە پێچەوانەی خوێندنەوەی ئەوانە”.

بابەتی پێشتر

گۆڕان داوای پێداچوونەی ڕێككەوتنەوەكەی دەكات لەگەڵ پارتی

بابەتی دواتر

وتەبێژی سەدر: گرووپە چەكدارەكان پێشوازییان لە ئەمریكا دەكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share