بانکی ناوەندیی عێراق، بەردەوامە لە زیادکردنی خستنەڕووی دۆلار لە سەرەتای ساڵی 2024وە، ئەمڕۆ رێژەکەی بەرزترکردووەتەوە و گەیاندییە 229 ملیۆن دۆلار و دۆلاری لەبازاڕە ناوخۆییەکان نزیکەی 700 دینار دابەزاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق خشتەی فرۆشی دۆلاری بڵاوکردەوە، 229 ملیۆن و 63 هەزار و 145 دۆلاری فرۆشتووە، لەو بڕەش 206 ملیۆن و 883 هەزار و 145 دۆلار بەشێوەی حەواڵەی بازرگانی بووە و 22 ملیۆن و 180 هەزار دۆلاری کاش بووە.
ئەو بڕەی ئەمرۆ فرۆشتوویەتی زۆرترین بڕی چەند رۆژی رابردووە، بەجۆرێک کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکان دروستکرد، بەیانی ئەمڕۆ بازاڕەکانی دراو لە کاتی کردنەوە، 100 دۆلاریان دەفرۆشت بە 154 هەزار دینار، بەڵام دوای راگەیەندراوەکە، 100 دۆلار بووەتە 153 هەزار و 300 دینار.