دەستكەوتی رۆژانەی بیل گەیتس 11 ملیۆن دۆلارە

بیل گەیتس، ملیاردێری ئەمریكی

بیل گەیتس-ی یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بۆ ماوەی 20 ساڵ پارێزگاری لە نازناوی دەوڵەمەندترین كەس لە جیهاندا كرد بەر لەوەی جیف بیزۆس-ی دامەزرێنەری كۆمپانیای ئەمازۆن بەسەریدا سەركەوێت.

لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا لە رووی سامانەوە لەنێو دەوڵەمەندترینەكاندایە.

بۆ روونكردنەوەی قەبارەی سامانەكەی، كەسێكی ئاسایی لە تەواوی ژیانیدا نزیكەی 2.7 ملیۆن دۆلاری دەستدەكەوێت، وەك ئەوەی پێگەی (Zippia)ی تایبەت بە زانیارییە پیشەییەكان دەیڵێت، بەڵام گەیتس نزیكەی سێ بۆ چوار هێندەی ئەو بڕەی لە تەنها رۆژێكدا دەستدەكەوێت.

سەرچاوەكان لەبارەی بڕی دروستی دەستكەوتەكانییەوە جیاوازن، بەپێی یەكێك لە سەرچاوەكان قازانجی رۆژانەی نزیكەی 10.95 ملیۆن دۆلارە- نزیكەی 117 دۆلار لە چركەیەكدا. لەكاتێكدا سەرچاوەیەكی دیكە ژمارەیەكی كەمتر دەخاتەڕوو كە دەگاتە نزیكەی 7.6 ملیۆن دۆلار لە رۆژێكدا یان 319.635 دۆلار لە كاتژمێرێكدا.

سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا بەشێكی بچوكی سامانەكەی لە كۆمپانیای مایكرۆسۆفت-ەوەیە، بەڵام كۆمپانیاكە بەشێكی گرنگە لە توانا داراییەكەی، لەوكاتەوەی گەیتس و پۆل ئالین كۆمپانیای مایكرۆسۆفت-یان لە ساڵی 1975 دامەزراند، كۆمپانیاكە كۆنتڕۆڵی زۆرێك لە بازاڕە تەكنەلۆجییەكانی كرد و، بەهای لە بازاڕدا گەیشتە زیاتر لە یەك ترلیۆن دۆلار لە ساڵی 2019دا.

بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان تەنها نزیكەی 12.5%ی سامانەكەی لە مایكرۆسۆفت-ەوەیە، سامانەكەی دیكەی گەیتس دابەشبووە بەسەر وەبەرهێنان لە بواری عەقارات، زەویی كشتوكاڵی، دراوی نەختینە و ئەودوای پرۆژەكانی دیكە.

لەمساڵدا دامەراوەی (بیل و میلیندا گەیتس) بڕی 8.3 ملیار دۆلاری بۆ ریشەكێشكردنی هەژاری، نەخۆشی و نایەكسانی تەرخانكرد، ئەمەش بە رێژەی 15% زیاتر بوو لە ساڵی پێشتر. دامەزراوەكە دەیەوێت تەرخانكردنەكەی بگەیەنێتە 9 ملیار دۆلار بە گەیشتنە ساڵی 2026.

بابەتی پێشتر

مامۆستایانی ناڕازی روونكردنەوە لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ سودانی و شكاندنی بایكۆت دەدەن

بابەتی دواتر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم: بە درۆن هێرشكرایەسەر پیرمام

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share