عێراق هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵی داهاتوو دوادەخات

ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەربارەی ناونانی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ شوێنگرتنەوەی محەمەد حەلبوسی درێژەی هەیە، لایەنە جیاوازەكان پێیانوایە چارەسەرەكەی بەمنزیكانە نابێت.

لەماوەی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران دووجار سەركەوتوو نەبوو لە ئەنجامدانی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، لە ئاكامی بایكۆتی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان بەمەبەستی رێگری لە تێپەڕاندنی هەر كاندیدێك بۆ پۆستەكە بەر لە سازانی سیاسی لەسەری لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا.

ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێگەی (عەرەبی جدید) رایگەیاند، ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، تائێستا بێ چارەسەری روون ماونەتەوە، تێڕوانینەكان لێكدوورن. لەوەش زیاتر وتوێژەكان چەندین رۆژە بەهۆی سەرقاڵبوون بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان راوەستاون.

موسەوی وتیشی، “دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ پێویستی بە سازانە لەنێوان لایەنە دیاریكراوەكان، دڵنیایین هیچ دانیشتنێك لەم چەند رۆژەی كۆتایی ئەمساڵدا گرێنادرێت و، دوادەخرێت بۆ ساڵی نوێ”، جەختیشیكردەوە، “ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنە سیاسییە سونییەكاندان دەربارەی پاڵێوراویان بۆ پۆستەكە”.

لە بەرامبەردا فارس ئەلفارس، سەركردە لە هاوپەیمانیی عەزم رایگەیاند، ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، تەنها لەنێو هێزە سونییەكاندا نییە، بەڵكو تەنانەت هێزە شیعییەكانیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبوون لەنێوانیاندا هەیە لەسەر ناوی پاڵێوراوانی پۆستەكە.

وتیشی، “نەمانتوانیوە بگەینە رێككەوتن، دابەشبوونێكی روون لەم دۆسیەیەدا هەیە، وتوێژەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە بەمنزیكانە دەستپێدەكات. لەئێستادا هەمووان سەرقاڵن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان، بۆیە دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن دوادەكەوێت بۆ ساڵی داهاتوو”.

“هەندێك دەیانەوێت دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەن بقۆزنەوە بۆ دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان لەپێناو هەندێك سازشدا، بۆیە قەیرانەكە بەمزوانە چارەسەرنابێت، دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیەش ناكۆكییە سیاسییەكان گەورەتر و قوڵتر دەكاتەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا نەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كاری ئەنجومەن پەكناخات، دەستەی سەرۆكایەتی هەیە كە دانیشتنەكان بەڕێوەدەبات”، سەركردەكەی عەزم وای وت.

دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستەكە بریتین لە هەریەك لە (سالم عیساوی، شەعلان كەریم، عەبدولكەریم عەبتان، فەلاح زێدان، مزاحم خەیات، زیاد جەنابی، یەحیا محەمەد و مەحمود مەشهەدانی).

یەكلاكردنەوەی یەكێك لەوان یان ناو و كەسایەتییەكی نوێ بۆ پۆستەكە دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، بەڵام نازانرێت ئەو پرسە ئاسان تێدەپەڕێت یان دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێكی دیكەی كاریگەر لە عێراقدا.

بابەتی پێشتر

لە دوو رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل لە کەرکوک سێ کەس بوونە قوربانی

بابەتی دواتر

شەیتانە سوورەکان ریمۆنتادایان كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share