بۆردی راگەیاندنی یەكێتی: پەتی ناڕاستی کورتە

سەرچاوەیەك لە مۆنیتەرینگی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لە وەڵامێكدا بۆ شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، هۆشیاریی خەڵك گەیشتۆتە ئاستێك، چیتر زمانی بەكارهێنراوتان نابێتە سەرچاوەی متمانەیان و دەشڵێت، پەتی ناڕاستی کورتە.

دەقی وەڵامەكە:
وەڵامێکی کورت بۆ کۆنگرەیەکی درێژی رۆژنامەوانی
بۆ: بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی نەوەی نوێ

سڵاوێکی گەرم
بەدیقەتێكی زۆرەوە، وەك بینەر كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی جەنابتمان بینی، كۆنگرەیەك (55) دەقیقەی بێ كەم و زیاد قسەت كرد و زۆربەی چاودێرانی سیاسی و میدیاكاران، لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون، دان بە پاشەكشە و شكستدا بنێی و داوای لێبوردنێك لە كەركوكیەكان بكەیت، كە بەهۆی ململانێ و ركابەری و بەرژەوەندی حزبیەوە، یەكڕیزی و یەك لیستیت رەتكردەوە و دەنگی كوردت بەفیڕۆدا، بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەوە، ئەوەی لە كۆنگرەكەتدا بەرجەستە بوو، کۆمەڵێک هەڵەی زەق و زانیاری ناڕاست بوو، لە هەمووشی خراپتر بەراوردێك بوو كە پشت دەبەستێت بە روداوێكی مێژوویی ئایینی ئیسلام، كە نەدەبوو بیكەی، لەوەش سەیرتر قسەکردنت بوو لەسەر سیستمی سانتلیگۆ، کە بەڕاستی ئەم سیستەمە پسپۆڕی و شارەزایی زۆری دەوێت و کاری جەنابت نەبوو قسەی لەسەر بكەیت و سەر لەخۆت و لە هاوڵاتیانیش بشێوێنی، لەوانەش دەگەڕێین و دێینە سەر خستنەڕووی کۆمەڵێک داتا و ژمارەی نادروست، كە سەرجەمیان لەپێناو تۆمەتبارکردنی یەکێتی و داپۆشینی شكستەکەی خۆتان بوو، ئێمە زۆر كاتی خوێنەران ناگرین و تەنها بە چەند خاڵێك هۆكارەكانی شكستی نەوەی نوێ و لیستەكەی جەنابت بیر خۆت و خوێنەران دێنینەوە.

یەکەم: لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا هیچ شتێکی تازەت پێنەبوو بۆ کەرکوکییەکان تا دەنگت پێبدەن و متمانەی سەركردایەتیكردنی خەونە نەتەوەییەكان بسپێرن بە جەنابت، بەڵكو تەنها دووبارەکردنەوەی پەیامەکانی پێشووتان بوو، کە پڕبوون لە دەستەواژەی ناگونجاو بۆ پەیامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوێی لە جەنابت و پەیامەكانی راگەیاندنی نەوەی نوێ بووبێت هاوشێوەی پەیامەکانی پێشووتان، تەنها ئەو ووشانەی بیردێتەوە، (شەلاتی، چەقۆکێش، سەرسەری، درۆزن، خوێری، نەعل، قۆنەرە، قەڵەمفرۆش، نەقیزە، کۆیلە، ترسنۆک، تەحەددا دەکەم، ئەمە بۆم هەڵگرن) و کۆمەڵێک ووشەی دیکەی ناشایستە کە بەهیچ شێوەیەک ئەم جنێو و زمانە ساكارە بۆ سەرۆکی حزبێکی نوێ گونجاونین، کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا و لە مەراسیمی فەرمی و لەڕێی میدیای فەرمی حزبەکەی خۆیەوە بڵاویان بکاتەوە.

هۆشیاریی خەڵك لە رۆژگاری ئێستادا گەیشتۆتە ئاستێك، چیتر ئەو زمانە نابێتە سەرچاوەی متمانەی خەڵك، بەڵكو دەنگدەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن چاوەڕوانی بەرنامەی نوێ لە حزبەکان دەکات، نەک پەیامی زبر و جنێوبارانکردنی لایەنی بەرامبەر، بەتایبەتی لە شارێک کە هەموو كوردێكی بێ غەل و غەش بە پرسێکی چارەنووسسازی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەزانێت، دەریشكەوت هاوڵاتییان بێزارن لەو جۆرە پەیامە زبر و جنێونامانە و پێشوازی لێناکەن.

دووەم: بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست، کە دەکەوێتە خانەی چەواشەکردنی خەڵکەوە، رەنگە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنێک لە قۆناغێكی دیاریكراو سوودی بۆ خاوەن پەیامەکە هەبێت، بەڵام پەندێکی کوردەواری هەیە دەڵێت: (پەتی ناڕاستی کورتە)، بۆیە دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ ئامانجی خۆی هەمیشە ناپێکێت. بڕوابکەن ئەو ئێوارەیەی کە هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت کۆتایی پێهات، شتێکی چاوەڕوانکراوبوو کە زۆرینەی دەنگە تایبەتەکان لە سنووری کەرکوک بۆ یەکێتی بێت، بەڵام بە بەرنامە و روماڵی میدیاکانتان دەستانکرد بە بڵاوکردنەوەی هەمان سیناریۆی جاران و راتانگەیاند کە لە چەندین وێستگەی هەڵبژاردنەکان یەکێتی یەک دەنگی هێناوە، بەو پەیامە نادروستانە، بەدەمی خۆتان گورزی کەمەرشكێنتان لە خۆتان وەشاند و متمانەی جەماوەرتان لەدەستدا.

بەنموونە زانیارییەکی دیکەی نادروستی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی جەنابت، ئەو زانیارییە نادروستە بوو، كە هۆکاری سەرەکی ئەم نامەی ئێمەیە، گوایە یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی کەرکوک (100) ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ دژایەتی نەوەی نوێ. مەبەست لە دژایەتی واتە لەرێی راگەیاندنەوە یەكێتی ئەو هەموو پارەیەی بۆ دژایەتی جەنابتان بەهەدەرداوە، ئەم زانیارییە 100% نادروستەی جەنابت دەیهێنێ هەموو خەڵکی کوردستانی لەپێناو بكەین بە شایەد و داوەر، چونکە باش دەزانن کە میدیای فەرمی یەکێتی (رادیۆ، تەلەفزیۆن و رۆژنامە) لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە نەک دژایەتی ئێوەی نەکردووە، بەڵکو نە بە باشە و نە بە خراپە لە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن ناوی جەنابت و نەوەی نوێی نەهێناوە، كە خەوت بەوەوە دەبینی بۆ یەکجاریش بێت ناوت بێنین، بەڵام ناوهێنانی جەنابت لە پلانی ئێمەدا نەبوو، بۆیە لەسەر شكستی خۆتان گلەیی لە ئێمە مەکەن، گلەیی لە خۆتان بکەن، هەروەک دیسانەوە گلەیی لە خۆتان بکەن و لە ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستان مەکەن، چونکە پێشمەرگە چۆن چاوی تیژە بۆ دوژمن، بەو ئەندازەش بۆ دەنگدان بیری تیژە و بیریان ناچێتەوە کە لە رۆژگاری شەڕی تیرۆرستانی داعشدا و بۆ ماوەی دوو مانگ شەهیدەکانتان بە تەنیشت تیرۆرستانەوە بە کوژراو ناودەبرد، خۆ ئەگەر هەڕەشەی خۆپیشاندانی پێشمەرگە دێرینەکان و وەزارەتی پێشمەرگە و رۆشنبیری نەبوایە لەسەر هەمان رەفتار و روماڵ بەردەوام دەبوون، کەوایە دڵنیابە تا خاوەنی ئەم جۆرە پەیامە جنێونامە و زانیارییە نادروستانەبن، دەبێ لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا چاوەڕوانی شكستێکی گەورەتر بکەن.

ئەوکاتە تۆمەتی قەڵەمفرۆشی ناخەیتە پاڵ ئەو رۆنامەنووسانەی کە نزیکەی دوو مانگە لە شنگالەوە تا خانەقین، بەتایبەتی لە کەرکوک سەرقاڵی کۆکردنەوەی دەنگ بوون بۆ کورد و بۆ ئایندە و چارەنووسی کەرکوک کە تائێستا لەو ماوەدرێژەدا، بە رۆحیەتێکی پێشمەرگانە کاردەکەن و نە مووچەیان وەرگرتووە و نە پاداشتکراون، بەڵکو لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دیکەدا بە قوڵی بیردەکەیەوە و ئەمجارە دەستی خەتاباری بۆ ئەو قەڵەمانە درێژدەکەیت کە سەر بەخۆتن و بەردەوامی زانیاریی ناڕاست و پەیامی زبر و ناشایستە و جنێونامە ئامادەدەکەن و دەیخەنە بەردەم جەنابت و تۆش بەبێ سێ و دوو، قۆڵی لێهەڵدەماڵی‌ و بە حەماسەتێکی زۆرەوە و بەشێوەی سیناریۆ شاشەی تەلەفزیۆنی خۆتانی پێ گەرم دەکەیت، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتودا کار لە کار دەترازێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوە دەبێت کە ئەمجارە گلەیی لە خۆت و لە قەڵەمەکانی خۆتان دەکەیت نەک لە ئێمە .

سەرچاوەیەک لە مۆنیتەرینگی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
سلێمانی
2023/12/25

بابەتی پێشتر

وتەبێژی یەكێتی: ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

بابەتی دواتر

پێشەوا هەورامانی: پێویستە فەرمانبەرانی هەرێم وەك عێراق لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share