کریستیانۆ کۆتا خەونی لە بواری تۆپی پێدا ئاشکرادەکات: تەنها یەک نازناوم دەوێت

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ سەرجەم نازناوەکانی لەسەر ئاستی یانە بەدەستهێناو ە وتەنها خەونی مۆندیالە

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی یوڤانتۆس، زۆرینەی نازناوەکانی لەسەر ئاستی یانە بەدەستهێناوە و خەونی گەورەی نازناوی مۆندیالە.

لە تەمەنی 35 ساڵیدا، کریستیانۆ نازناوەکانی کالچیۆ و لالیگا و سوپەرەکانی ئەوروپا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکان و چەندین نازناوی دیکەی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە نازناوەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای و خولی نەتەوەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا لە چنینەوەی نازناوە نێودەوڵەتییەکان تێرنەبووە.

“دۆنی پۆرتوگال” لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕاگەیاندووە، ” هەموو شتێک ئەگەری ڕوودانی هەیە، هیچ نازناوێک مەحاڵ نییە، ئێمە بە چنینەوەی نازناوە نێودەوڵەتیەکانی یورۆ و یورۆ نەیشن لیگ کارێکی گەورەمان کرد، ئێستا جامی مۆندیالمان بە ئامانج گرتووە”.

هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەر دەکەوێتە کۆمەڵەی سڕبیا، ئێرلەندا، ئازەربایجان، لوکسمبۆرگەوە، سەرکەوتنی بۆ قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیال تاڕادەیەک مسۆگەرە.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ کۆتا خەونی ئەوەیە بە درێسی پۆرتوگالەوە نازناوی مۆندیال بەدەستبهێنێت

باشترینی یوڤانتۆس و پێنج جار خاوەنی خەڵاتی باڵۆندۆر، کۆتا هیوا و خەونی لە بواری تۆپی پێ ئاشکرادەکات و دەڵێت، ” چەندینجار وتوومە، خەونی منە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال نازناوێکی نێودەوڵەتی گەورە بەدەستبهێنم، دوو نازناوم بەدەستهێنا، یورۆ و یورۆ نەیشن، ئەوەش زۆر دڵخۆشیکردم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خەونی گەورەی من نازناوی جامی جیهانییە”.

بڕیارە لە 18ی کانونی دووەمی 2022 یەکەمین ڕوبەڕوبوونەوەکانی مۆندیال لە قەتەر ئەنجامبدرێت، لەم پاڵەوانێتیەشدا هەردوو ئەستێرەی ناودار، کریستیانۆ و مێسی کۆتا چانسی خۆیان لە ژیانی وەرزشییاندا تاقیدەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

ئۆپیک پڵەس بۆ بڕیاردان لەبارەی بڕی هەناردەکردنی نەوت کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

ئێران: پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی %20 دەستپێدەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share