فەرەنسا داوایەك لە “هاندەرە شوومەكە” دەكات

محەمەد حەجری

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عومان داوا لە هاندەرە عومانییەكە كە بە “ماجومبا” ناسراوە دەكات درێسی هیچكام لە هەڵبژاردەی فەرەنسا و مەغریب لەبەرنەكات بۆ یارییەكەی نێوانیان كە ئەمشەو بەڕێوەدەچێت.

لوسیانۆ ریسبولی، جێگری كونسوڵی فەرەنسا لە عومان كە سەرەتا بەشێوەیەكی فەرمی و جددی قسە دەكات بە زمانی عەرەبی داوا لە ماجومبا دەكات درێسی هیچكام لە دوو هەڵبژاردەكە نەپۆشێت، ئەو داوایەشی بەناوی “هاوڕێیەتی نێوان فەرەنسا و مەغریب و، نێوان فەرەنسا و سوڵتاننشینی عومان” ئاراستەدەكات.

ریسبولی وتی، “دەزانین لە هەموو یارییەكدا درێسی ئەو تیمە دەپۆشیت كە پاڵپشتی دەكەیت، تێبینی ئەوەشمان كردووە هەموو جارێك ئەنجامەكە پێچەوانەی ئەوەی دەیخوازیت روودەدات”.

جێگری كونسوڵ داواشی لە ماجومبا كرد “درێسی سپی، تەواو هاوشێوی دڵی بپۆشێت”، لەمیانەی یاری نێوان مەغریب و فەرەنسا كە هەردوو تیمەكە لە كۆتاییەكانی یارییەكانی مۆندیالدا یاریدەكەن.

ماجومبا، یان محەمەد حەجری كە ناوی راستەقینەیەتی، بووتە پرسی گەرمی میدیاكان و لەسەر ئاستی ناوچەكە بە “هاندەرە شوومەكە” ناوی دەركردووە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئەو تیمەی هاندەریی دەكات دەدۆڕێت.

هاندەرە عومانییەكە لە چاوپێكەوتنێكی پێشتردا وتی، كە ناڕازی نییە بەوەی بە “هاندەرە شوومەكە” ناودەبرێت، پاش دۆڕانی سەرجەم ئەو هەڵبژاردانەی هاندەریان بوو.

ئەوكات وتیشی، رۆژی چوارشەممە درێسی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەپۆشێت.

بابەتی پێشتر

یەکێتی دەیچێنێت و پارتی دەیەوێت بیدورێتەوە

بابەتی دواتر

سەرۆكی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە زیندانیكردن سزادرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share