وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەمەودوا بەپێی رێنمایی یاسایی دیارەدەی سحر و جادوو بنبڕدەكرێن و سەرپێچیكاران رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە و سزادەدرێن.
بەپێی رێنماییەكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەپێی رێنمایی ژمارە (1)ـی ساڵی 2023 كە لە ژمارە 313ی 14ـی كانوونی یەكەمی 2023ـی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دیارەدەی سحر و جادوو و ھاوشێوەكانی كە پێچەوانەی بنەما ئایینییەكانە، بە ھەموو شێوەیەك قەدەغەدەكرێن.
لە رێنماییەكەدا هاتووە، بەكارهێنانی رێگاكانی فێڵكردن و هەڵگرتنی نازناوی ساختە و نادروست وەك دەستەواژەی (شێخ، مەلا، قەشە، بانگخواز، پزیشكی ئایینی و هاوشێوەكانی) بە بەكارهێنانی پەرتووكە پیرۆزەكانی خودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و سوودمەندبوون قەدەغەیە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دروستكردنی نووشتە، جادووكردن و دەركردنی جنۆكە قەدەغەكراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، فرۆشتنی گیادەرمان و خۆراك و خوارنەوە وەك (ئاو، گوڵا، هەنگوین، رەشكە و پێداویستی دیكە) بەناوی چارەسەری پزیشكی ئایین لە رێنماییەكەدا قەدەغەكراوە.