بە هۆی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکى سوپاى عێراق لە نزیک قەزاى خورماتوو، ئەفسەرێک گیانیلەدەستدا و ئەفسەرێکی دیکەش برینداربوو.
وەزارەتى بەرگریى عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، هێلیکۆپتەرێکى سەر بە یەکەى ئاسمانى سوپا لە نزیک قەزاى خورماتوو لە پارێزگاى سەڵاحەدین کەوتە خوارەوە.
باس لەوەش کراوە، بەهۆی ئەو رووداوەوە ئەفسەرێکی فڕۆکەوان بەناوى مەروان جەلال گیانى لەدەستداوە و ئەفسەرێکی دیکە بەناوى عەلا سەلمان بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەى خورماتوو گوازراوەتەوە.
لەبارەی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە وەزارەتى بەرگریى عێراق دەڵێت، ئەو هێلیکۆپتەرە بەهۆى کێشەى تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە لە دواى ماوەیەکى کەم لە فڕینى لە فڕۆکەخانەى حلێوە.