بەبڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بەو پارچە زەویانەی لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دابەشکراون پێکدەهێندرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، “بەمەبەستی رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی، سەرۆک وەزیران تیمێکی هاوبەشی لە فەرمانگەی چاودێریی دارایی و دەستەی دەسپاکی راسپارد بۆ پێداچوونەوە و وردبینی لە سەرجەم رێکارەکانی پەیوەست بە تەرخانکردن و پێدانی پارچە زەوی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا”.
سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو رێکارانە دەڵێت، “مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو رێکارانە پەیڕەوکردنی پرەنسیپەکانی دادپەروەری و دەرفەتی یەکسانە لە نێوان رکابەرەکاندا لەگەڵ دەسپاکی و شەفافیەت بۆ پاراستنی سامانی گشتی دەوڵەت”.