وتەبێژی حکومەت رایدەگەیەنێت، “عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە و کاردەکەین بۆ هەماهەنگی هەوڵەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان”.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، “عێراق هەوڵەکانی ئیمارات لە ڕێکخستنی کۆنفرانسی COP28 بەرزدەنرخێنێت سەبارەت بە پرسەکانی بەردەم گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی”.
ئەوەشی خستەڕوو، “عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لەسەرە، هەربۆیە حکومەت هەوڵی سنووردارکردنیان دەدات بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان و ژینگە و سیستمی کشتوکاڵی وڵاتەکە”.
وتەبێژەکەی حکومەت دەڵێت، “حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ هەماهەنگی هەوڵەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهان بەمەبەستی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتی لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوای جیهان، هەروەها لەپێناو بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمی و نیشتمانییەکان”.