ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵی جدی هەیە كێشەی دواكەوتنی مووچە لە هەرێم چارەسەربكرێت و دەشڵێت، “لێكتێگەیشتن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە هەیە بە شێوەیەك كە كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم چارەسەربكرێت”.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،لە ئێستادا پشووی پەرلەمانە هەوڵی لیژنەی دارایی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی دیاریكراو كە مافی مووچەخۆران زامنبكات و شاندی هەرێمیش لە دانوستانەكانیان لەگەڵ بەغداد بەردەوامن.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیكردەوە، هەوڵی جدی هەیە كێشەی دواكەوتنی مووچە لە هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت و لێكتێگەیشتن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە هەیە بە شێوەیەك كە كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم چارەسەربكرێت، بەڵام دەبێت پرسی ژمارەی مووچەخۆران یەكلابكرێتەوە و رێكارەكانی پێدانی مووچەش پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە.