بەریتانیا بە رێككەوتنێكی نوێ پلانی ناردنی كۆچبەران بۆ رواندا زیندوودەكاتەوە

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ رواندا واژووكرد، لە هەوڵێكدا بۆ زاڵبوون بەسەر رێگرییەكانی دادگا سەبارەت بە ناردنی كۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.

رێككەوتنەكە لەلایەن جەیمس كلێڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیاوە واژووكرا.

پلانی رواندا یەکێکە لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی کۆچ بۆ وڵاتەکە و لە نزیکەوە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە چاودێری دەکرێت کە بیریان لە گرتنەبەری ئەو جۆرە رێوشوێنە کردووەتەوە.

مانگی رابردوو دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاریدا ئەو جۆرە هەنگاوە ‘رەوانەکردنی كۆچبەران بۆ رواندا’ یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات کە لە یاساکانی ناوخۆدا جێگیرکراون.

لە رێککەوتنە نوێیەکەدا هاتووە کە رواندا ئەو كۆچبەرانە رەوانەی ئەو وڵاتانە ناکاتەوە کە تێیاندا مەترسی لەسەر ژیان و ئازادییان دروست ببێت، کە ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی دادگای باڵای بەریتانیا.

هەروەها لیژنەیەکی چاودێری دەبێت بۆ ئەوەی كۆچبەران بتوانن سکاڵای نهێنی خۆیان راستەوخۆ بۆ لیژنەکە بنێرن و، دەستەیەکی نوێی تانەدان پێکهێندراوە کە لە دادوەرەکانی سەرانسەری جیهان پێکهاتووە.

کلێڤەرلی وتی، ئێستا “هیچ هۆکارێک” نییە بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە گەشتەکانی رەوانەکردنی پەنابەران، چونکە لە رێککەوتنەکەدا مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو پرسانەدا کراوە کە دادگای باڵا باسی لێوەکردوون و هیچ پارەیەکی دیکەش نەدراوە بە رواندا تاوەکو رێککەوتنەکە نوێ بکاتەوە.

کلێڤەرلی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە کیگالی پایتەختی رواندا وتیشی، “بە راستی هیوادارم ئێستا بتوانین بە خێرایی بجوڵێین”.

زۆرێک لە پارێزەران و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن پێناچێت گەشتەکانی رەوانەکردنی پەنابەران بۆ رواندا پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچن. پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا کە پێشەنگە لە راپرسییەکاندا، پلانی هەیە سیاسەتی رەوانەکردنی كۆچبەران بۆ رواندا پشتگوێبخات.

بەپێی ئەو پلانەی ساڵی رابردوو رێککەوتنی لەسەر کرا، بەریتانیا بە نیازە هەزاران کەس لەو كۆچبەرانەی بەبێ مۆڵەتی یاسایی چونەتە وڵاتەیەکەوە رەوانەی رواندایان بکات، ئەوەش لەپێناو رێگریکردن لەو کۆچبەرانەی کە لەڕێی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، رواندا بڕی 140 ملیۆن پاوەندی وەکو بڕە پارەیەکی سەرەتا وەرگرتووە و بەڵێنی پێدراوە پارەی زیاتری بدرێتێ بۆ دابینکردنی پێویستییەکان بۆ ئەو کەسانەی کە رەوانە کراون بۆ وڵاتەکە.

ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رووبەڕووی فشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ پچڕاندنی تۆڕی کۆچ، کە ساڵی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، بە جۆرێک 745,000 کۆچبەر گەیشتنە شانشینی یەكگرتوو.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سوناك راگرتنی لێشاوی کۆچبەرانە بۆ وڵاتەکە، کە پارە بە قاچاخچییەکان دەدەن تاوەکو بە بەلەمی بچووک بە کەناڵەکەدا بپەڕنەوە بۆ کەناراوەکانی بەریتانیا، زۆرجار ئەو بەلەمانە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرییان هەڵگرتووە بۆ دەریا ناشێن.

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا، رۆیتەرز

بابەتی پێشتر

ئاسۆ مامەند: كاندیدەكانمان نوێنەری راستەقینەی كەركوكییەكان دەبن

بابەتی دواتر

سبەی نەوت لەناو شاری سلێمانی دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرز بووەوە

نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا ڕوو لە بەرزبوونەوەیە، یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت 64 دۆلاری تێپەڕاندووە، هۆكارەكەشی بۆ…
Total
0
Share