پێکانی کۆتینیۆ شکست بە هاوکێشەی بەرشلۆنە و دیپای دەهێنێت

یانەی بەرشلۆنە لە میرکاتۆی زستانی 2021 هەوڵ بۆ کڕینی دیپای نادات

پێکانی فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی کۆتایی بە خەونەکانی یانەی بەرشلۆنە بۆ گواستنەوەی مێمفس دیپای دەهێنێت.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 یانەی بەرشلۆنە ناتوانێت هەنگاو بۆ کڕینی مێمفێس دیپای هێرشبەری هۆڵەندی یانەی ئۆڵیمپیک لیۆنی فەرەنسی بنێت، هۆکارەکەش پەیوەندی بە بوارە دارایی و هونەرییەکانەوە هەیە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئیدارەی کاربەڕێکەر و تەنانەت ئیدارەی هەڵبژێردراوی یانەی بەرشلۆنە دەکەونە بەردەم کێشەی نەبوونی نەختینە لە خەزێنەی یانە و هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ گواستنەوەی دیپای و تەرخانکردنی موچەی ساڵانەی بەردەست نییە، هۆکارەکەش بۆ ئەو زیانە دارییە قورسە دەگەڕێتەوە کە لەسەردەمی کۆرۆنا لێیانکەوتووە.

هۆکارێکی دیکەش پێکانی فیلیپی کۆتینیۆ و نەتوانایی بەڕێوبەرانی یانەیە بۆ فرۆشتنی یاریزانە بەرازیلیەکە لەم بارودۆخە هەستیارەدا.

موندۆ دیپۆرتیڤۆ دووپاتیدەکاتەوە، ئامانجی سەرەکی بارسا گواستنەوەی ئیریک گارسیای بەرگریکاری 21 ساڵی یانەی مانچستەر سیتییە، کە پێشوەخت لە هاوینی 2020 ڕێککەوتنی لەگەڵدا کراوە.

جگە لە یانەی بەرشلۆنە، یانەکانی یوڤانتۆس و پاریس سانت جێرمان خواستیان بەرانبەر دیپای نیشانداوە، بەتایبەت لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 کە نرخەکەی بۆ پێنج ملیۆن یورۆ کەمدەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

پانۆرامای گرنگترین ڕووداوە وەرزشییەکانی ساڵی 2020

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: لە دانوستانەکان لەگەڵ بەغداد گەشبینین و کاری زیاترمان ماوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share