قوباد تاڵەبانی: هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە

جێگری سەرۆك وەزیران لە دیداری كونسوڵی گشتیی ئێران رایدەگەیەنێت، هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە نەسڕوڵڵا رەشنودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە كۆبوونەوەی نێوانیان باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران بە تایبەت لەڕووی بازرگانییەوە کرا، لەو چوارچێوەیەشدا شێوازی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم کاروبارەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان و ئاسانکاریکردن بۆیان تاوتوێکران.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی گەورە بۆ وەبەرهێنان لە بواری جیاوازدا هەیە و حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات. لە بەرامبەریشدا کونسوڵی گشتیی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ کارئاسانیکردن بۆ بازرگانانی هەرێم و بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد؛ هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکان لەوبارەیەوە بەردەوامن و وتی، “بە لایەنی کەمەوە دەبێت بە خێرایی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە رێکبکەوین و پێویستە ئەو تێگەیشتنە لە بەغداد دروست ببێت کە نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغداد بکرێت”.

هەروەك باسی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش لە کەرکوک کرا. هەردوولا هیوایان خواست پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی هەموو هاوڵاتییانی عێراقدا تەواوببێت.

سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئێستا لە کەرکوک جیاوازی دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و، دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکان دۆخێک بێتە ئاراوە کە هەموو پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن لەوەی چیتر پەراوێز ناخرێن و بەبێ هیچ جیاوازییەک خزمەت بکرێن.

بابەتی پێشتر

باری نوێی دۆلار گەیشت

بابەتی دواتر

لە چاکسازیی ژنانی دهۆک زیندانیکراوێک گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share