بڕیارە لە سبەینێ-وە بڕیاری دابەزاندنی نرخی كارەبای ئەو پرۆژانەی كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە لەگەڵ كارگە و شوێنە پیشەسازییەكان بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، نرخی كارەبای ئەو كارگە و پرۆژانەی لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان هەیە لە سبەینێ-وە دادەبەزێت.
وتیشی، “ئەو پڕۆژە و کارگانەی نرخی کیلۆواتێکی کارەباکەیان 144 دینار بوو دەبێتە 100 دینار، ئەوانەی کیلۆواتێک 125 دینار بوو دەبێتە 90 دینار”.
بە وتەی وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان نرخی كیلۆواتێكی كارەبای پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیش دەبێتە 100 دینار.
ئاشكراشیكرد، سبەی بە فەرمی دابەزینی نرخەكان رادەگەیەندرێت.
بڕیاری دابەزاندنی نرخی كارەبا لە 21ی ئەیلولی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزارەتی كارەباوە پێشنیاركرا و لە 4ی تشرینی یەكەمیشەوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كرا بۆ پەسەندكردنی، بەڵام بڕیارلێدان و یەكلاكردنەوەی دواخرا.
لە بەرامبەر پێدانی كارەبای 24 كاتژمێری، حكومەتی هەرێم نرخی كارەبای نیشتمانی لە بەشێك لە سیتییەكان لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بۆ هەر كیلۆواتێك زیادكرد، بەڵام بڕیارەكە ناڕەزایی دانیشتووانی سیتییەكانی لێكەوتەوە.