توێژینەوەینەوەیەک: نزیکەی %40ی خواردنەکانی منداڵان قڕکەری ژەهراوییان تێدایە

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، نزیکەی %40ی ئەو بەرهەمانەی  لە فرۆشگاکاندا دەفرۆشرێن بۆ منداڵان، قڕکەری ژەهراوییان تێدایە کە زیان بە گەشەی منداڵ دەگەیەنن.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن گروپی کاری ژینگەیی ئەمریکای قازانج نەویست (EWG) ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە لە کۆی 73 بەرهەمی خۆراکی منداڵ کە نمونەیان لێوەرگیراوە،لانیکەم  22 بەرهەمیان یەک قڕکەریان تێدابووە و زۆربەیان چەندین جۆری قڕکەریان تێدابووە.

سیدنی ئیڤانس، شرۆڤەکاری باڵای زانستی لە گروپی کاری ژینگەیی و هاوبەشی نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، “کۆرپە و منداڵانی بچووک بە تایبەتی بەرەوڕووی  ئەو مەترسییە تەندروستییانە دەبنەوە کە قڕکەر لە خۆراکدا دروستی دەکات”.

توێژینەوەکە سەیری بەرهەمەکانی Beech-Nut و Gerber و Parent’s Choice ی کردووە، هەرچەندە بە تایبەتی دیاری نەکردووە کە کام بەرهەمی کۆمپانیاکان پاشماوەی قڕکەری تێدایە.

لەنێو ئەو قڕکەرانەی توێژەران دۆزیویانەتەوە (ئەسیتامیپرید) هەیە کە زیانی بۆ هەنگ و مرۆڤ هەیە، هەروەها کاپتان کە زۆرجار دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.

هەروەها فلۆدیۆکسۆنیل لە پێنج لەو بەرهەمانەدا هەبووە، کە بە شێوەیەکی باو لە میوە و سەوزە و دانەوێڵەدا بەکاردێت و پێدەچێت زیان بە گەشەی کۆرپەلە بگەیەنێت و دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە خانەکانی کۆئەندامی بەرگری و تێکدانی هۆرمۆنەکان.

ئەو بەرهەمانەی کە لەسەر بنەمای سێو دروستکراون زۆرترین ئەگەری ئەوەیان هەبووە کە ڕێژەیەکی بەرزی پاشماوەی قڕکەریان تێدابێت و هەروەها کاڵەک و گوێزی هیندی و شووتی لەنێو ئەو بەرهەمانەدان کە بە شێوەیەکی گشتی ئاستی بەرزی ماددە کیمیاییەکانیان تێدایە.

ئۆلگا نایدنکۆ، یەکێک لە نوسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، باشترین ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە قڕکەر، کڕینی بەرهەمی خۆراکی ئۆرگانیکی منداڵانە، کە پابەندی ڕێسای توندترە.

توێژەران ئەنجامەکانیان بەراورد کردووە بە توێژینەوەیەکی هاوشێوە کە لە ساڵی 1995 ئەنجامدراوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئاستی قڕکەر لە خۆراکی منداڵاندا بە قەبارەیەکی زۆر کەم بووەتەوە، بەجۆرێک ئەو توێژینەوەیەی پێشتر 55%ی قڕکەری لە بەرهەمەکاندا دۆزیەوەتەوە و هەروەها قڕکەری مەترسیدارتری دۆزیوەتەوە.

ئیڤانس دەڵێت: “بوونی پاشماوەی قڕکەر لە خۆراکی منداڵاندا جێگەی نیگەرانییە، بەڵام پێویستە دایک و باوکان هەست بە دڵنیایی بکەن کە هەندێک لە ژەهراویترین ماددە کیمیاییەکان کە لە توێژینەوەکەمان لە ساڵی 1995 دۆزراونەتەوە چیتر لەنێو بەرهەمە خۆراکییەکانی منداڵاندا بونیان نییە”.

 

بابەتی پێشتر

گووگڵ ئەو هەژمارانە دادەخات کە چالاک نین

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی راوکردنی باڵندەی کێوی پێنج کەس دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share