هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، خزمەت و خوێندندا شەڕی ئیرادە نییە، شەڕی ئیدارە هەیە، دەبێت هەموومان پێکەوە ئەم شەڕە بکەین و کاربکەین، تێبکۆشین؛ باری کەچ و کەوتوو خواری بەڕێوەبردن و دراوو دارایی و ئابوریی؛ ڕاستبکەینەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە رایگەیاند، چۆن خوێندن و خزمەت نابێت بووەستن، بەهەمان شێوەیش نابێت ژیان و بژێویی و ئاسایش و بەرژەوەندیی گشتیی و سەروەریی یاساو دادپەروەریی و دەرفەتی یەکسان و خستنە سەرکاری توانست و هەناسە و خوێنی نوێ بۆ جەستەی دەوڵەتداریی و دامەزراوە گشتییەکانیش بووەستن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە بە زوترین کات بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەبەشداریی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازیی کوردستاندا کۆببنەوەو ڕوون و ڕاست و ڕاشکاوانە داهاتی گشتیی و مافی دارایی و موچەو پرۆسەی خوێندن تاوتوێبکەن و چارەسەربکەن، ماف و موچەو خوێندن نەکرێنە کارتی هەڵبژاردن و سازشی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان.