بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەم مانگەوە مامەڵەی دراو لە دەروازە سنوورییەكان لە بری دۆلار كراوەتە دینار و دەشڵێت، “ئەو هەنگاوە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی شمەك و ماددە خۆراكییەكان دەبێت”.
ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی گشتاندنێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە ئاراستەمان كراوە و ئاراستەی دەروازە سنوورییەكان كراوە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە كاری پێدەكرێت كە دەبێت مامەڵەی دراو لە دەروازە سنوورییەكان لە بری دۆلار بە دینار بێت، هەرچەندە ئێمە پێناسی گومرگییەكەمان بە دۆلارە، بەڵام بە دینار دەشكێندرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، لە بەرامبەر 100 دۆلار كە لە بازاڕدا بە 160 هەزار دینارە ئێمە بە نرخی بانكی فەرمی واتا دۆلار و 132 هەزار دینار بۆ بازرگانەكان ئەژماری دەكەین و ئەگەر بازرگانێك تێچووی شمەك و كاڵاكەی كەمتر لەسەر بكەوێت لە بازاڕدا بە هەرزانتر دەیفرۆشێت و بەوەش كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی شمەك و كاڵاكان لە بازاڕدا دەبێت.