بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان كاری لە پێشینەمانە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە یاكۆ بیرێندز، كونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا‎ ‎لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان و دارا خەیلانی ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، دۆخی گشتیی هەرێمی كوردستان و پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆكان كرایەوە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێكی یەكجارەكی لەبارەی ئەو پرسانەی ناكۆكییان لەسەرە.

پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، سەرۆك بافڵ رایگەیاند، “یەكێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم بێت، دەشمانەوێت ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە بە كۆدەنگی بڕیاری لێبدرێت، چونكە تەنها بە یەكڕیزی و پێكەوەیی دەتوانین ناوماڵی كوردستان بپارێزین، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردیش كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت، زامنی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایانە دەكات”.

رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تەوەرێكیتری دیدارەكە بوو لەو بارەیەوە سەرۆك بافڵ وتی، “پرسەكە لای ئێمە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و هەموو هەوڵێكمان لەپێناو تێپەڕاندنی بەربەستەكاندایە، دەمانەوێت هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە بونیادبنێین كە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكاندا بێت، بەڵام دەبێت دادپەروەری لەبەرچاوبگیرێت و دووربێت لە بەرژەوەندیی تایبەت”.

سەبارەت بە ژیانی هاوڵاتییان و خراپی دۆخی گوزەرانی مووچەخۆرانەوە سەرۆك بافڵ روونكردنەوەیدا و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، “پێویستە هەموو هەوڵەكان لەپێناو كۆتاییهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە یەكبخرێن و چیتر رێگەنەدرێت ژیانی خەڵك بكرێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامە و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان كاری لە پێشینەمانە.

بابەتی پێشتر

كرێی خوێندن كەمكرایەوە

بابەتی دواتر

چەند شوێنێكی شەقامی سالم دەكرێن بە گەشتیاریی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share