رێبوار تەها: کەرکوک شایانی ئیدارەیەکی باشتر و رەسەنترە

رێبوار تەها سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە  رایگەیاند، کەرکوک شایانی ئیدارەیەکی باشتر و رەسەنترە بۆیە دەنگ بە کاندیدەکانی لیستی 142 بدەن.

رێبوار تەها لە پەیامێکدا رایگەیاند، لە پەرۆشیمان بۆ کۆتاییهێنان بە زوڵم و ستەمکاریی لە دژی گەلەکەمان، لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کوردانەی کەرکوک، بە هەستکردن بە تەحەدداکانی بەردەم ئایندەی نەتەوەکەمان، هاوپەیمانی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنیی پارێزگای کەرکوک رادەگەیەنین.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئەمە دووەم جارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدەدرێت، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی نەتەوەکەمان، بۆ ئایندەی کچان و کوڕانی شارەکەمان بەتایبەت دوای ئەو دۆخە سیاسیی و ئیداریی و عەسکەرییە نەخوازراوەی بەسەر شارە خۆشەویستەکەماندا  سەپێنراوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، کەرکوک و نەتەوەکەمان لە بەردەم هەڕەشەی گەورە و هەلومەرجێکی تەواو جیاواز و ساتەوەختێکی هەستیار و یەکلاکەرەوەدایە، بۆیه بانگەوازی نیشتمانیمان رووی لێتانە بۆ ئەوەی بە گیانێکی پەرۆش و بەرپرسیارانەوە لە خەمی سەرخستنی لیستەکەماندابین تا ببینە هێزێکی دیموکراتی وکۆتایی بە دۆخی سەپێنراوی کەرکوک بێنێ و دۆخەکە بخاتە خزمەتی کەرکوک و پێکەوەیی هەموو کەرکوکییەکاندا.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رێبوار تەها داوایکرد، “با هەمووان لە رۆژانی بانگەشەدا کەشێکی ئارام و دۆستانە و شارستانیانە بخوڵقێنین، دوور لە دروستکردنی کێشە و ئاستەنگ بۆ هاوڵاتییانی شارەکەمان”.

بابەتی پێشتر

دژەتیرۆر دوو تۆمەتباری داواکراو دەستگیردەکات

بابەتی دواتر

سلێمانی.. رووداوێکی هاتوچۆ چوار برینداری لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share