ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی تەواوکاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان ژمارە 29 بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەنجامدرا و لە کۆبوونەوەکدا بڕیاردرا مۆڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەموو ئەو گرفتانە خرانەڕوو کە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان پشتبەست بە رێکارە یاساییەکان تاوتوێکران لەم چێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە هاوکار و هەماهەنگ بن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەربەستەکانی بەردەم دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پرسی کوژاندنەوەی زەوی و قەرەبووکردنەوەیان تاوتوێکران و بڕیاردرا بەپێی یاسا بەرکارەکان کار بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنی ئەو زەویانەی کە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێن پاش کوژاندنەوەیان، بە تایبەتیش ئەولەوییەت بدرێت لە ئاسانکاریکردن بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ.
هاوکات هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێدانی مۆڵەتی کۆتایی بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان درا کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کرابوو، قسە لەسەر ئەو پڕۆژانەش کرا کە هاوبەشن لە نێوان کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا و بڕیاردرا ئاسانکاری پێویستیان بۆ بکرێت.