سەدان قەڵای نەناسراوی رۆمانی لە عێراق و سوریا ئاشکرا دەکرێت

توێژینەوەیەک کە لە ئەمریکا ئەنجامدراوە ئاماژە بەوە دەکات، وێنەکانی مانگی دەستکردی سیخوڕی جەنگی سارد، ئاماژە بە دۆزینەوەی 396 قەڵای رۆمانییەکان دەکەن لە سوریا و عێراق کە تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری ئەنتیکیتی بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی ئەکادیمی شوێنەوارناسی نێودەوڵەتییە، ئەوەی خستۆتەڕوو کە شوێنەوارناسەکان پشکنینیان بۆ ئەو وێنە ئاسمانییانە کردووە کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گیراون و ڕایانگەیاندووە کە 396 شوێنی قەڵای ڕۆمانی نەناسراویان لە سوریا و عێراق دۆزیوەتەوە.

شارەزایانی شوێنەوارناسی دەڵێن، “وێنەی مانگی دەستکردی سیخوڕی جەنگی سارد کە پۆلێن نەکراون، ڕۆشناییەکی نوێیان خستۆتەسەر کارکردنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی بە ئاشکراکردنی سەدان قەڵا کە پێشتر نەدۆزراونەتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی جۆراوجۆری لەسەر تێگەیشتنمان هەیە”.

نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، پڕۆفیسۆر جێسی کازانا، لە کۆلێژی دارتمۆس لە نیو هامپشایر لە ئەمریکا دەڵێت، “لە ساڵانی 1930ەوە مێژوونووسان و شوێنەوارناسان مشتومڕیان لەسەر ئامانجی ستراتیژی و سیاسی ئەم سیستەمەی قەڵاکان کردووە”.

پێشتر لە ساڵی 1934 لەلایەن ئەنتوان پۆیدێبارد، گەڕیدەیەکی فەرەنسی کە پێشەنگ بوو لە شوێنەوارناسی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگای فڕۆکەکەیەوە، دۆزینەوەی 116 قەڵای راگەیاند.

نووسەری توێژینەوەکە دەشڵێت، “توانیمان لە کۆی 116 قەڵا تەنها 38 دانەیان دەستنیشان بکەین و زۆرێک لەو قەڵا ڕۆمانیانەی کە لەم لێکۆڵینەوەیەدا بەڵگەمان لەسەر کۆکردووەتەوە، پێشتر بەهۆی گەشەسەندنی شار و کشتوکاڵی ئەم دواییە وێران بوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش لە ژێر هەڕەشەدان”.

بابەتی پێشتر

هۆڵەندا داوا لە هاوڵاتیانی دەكات بەپەلە عێراق جێبهێڵن

بابەتی دواتر

پێشمەرگەیەکی دیکەی شەڕەکەی چیای قەرەچوغ گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share