رێباز حەملان: ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەكە دەگات

یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشبینی دەكات ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو 700 ملیارەكە بگاتە هەرێم و لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەوڵی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتیش روونكردنەوە دەدات.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ كاروباری دارایی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، حكومەتی ناوەند لەدوای 20ی مانگەوە دەستدەكات بە دابەشكردنی مووچە، بۆیە پێموایە 700 ملیار دینارەكەی هەرێم لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دەگات.

وتیشی، دوای گەیشتنیشی وەزارەتی دارایی هەرێم دەستدەكات بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاب.

سەبارەت بە مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12ش رێباز حەملان وتی، بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هەیە بڕیارە ناردنی ئەو 700 ملیار دینارە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی دابەشكردنی مووچە نەوەستێت.

هەروەها كاردەكرێت لەسەر هەمواری یاسای بودجە، بۆ ئەوەی پشكی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم جیابكرێتەوە لە خەرجی كردەیی، وەك ئەوەی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران ئاماژەی پێدا و ئەوەی خستەڕوو، “پێشكەوتن هەیە و ئیشەڵا مووچەی مووچەخۆران بەردەوام دەبێت و پێموانییە ئەو رێگرییەی هەبووە بەردەوام بێت”.

هەروەك سەبارەت بە هەوڵی سەرلەنوێ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، رێباز حەملان باسی لەوەكرد، هەردوو كۆمپانیای بۆتاش-ی توركی و سۆمۆ-ی عێراق لە دانوستاندان و هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە پێویستە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە، چونكە هەم زیانی بۆ هەردوولا هەیە و هەمیش فشاری ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دیكە لەو رووەوە لە ئارادایە.

ئاشكراشیكرد، لە ئەگەری دەستپێنەكردنەوەی هەناردەشدا، لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە بۆ ئەوەی ئەو نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، بدرێتە پاڵاوگەكانی ناوخۆ و بەرهەمەكانیشی لە ناوخۆدا بەكاربهێندرێتەوە.

بابەتی پێشتر

میسڕ میوانداری کۆبوونەوەی لوتکەی ئاشتی دەکات

بابەتی دواتر

نەوت و كانزاكانی سلێمانی: دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share