هاوڵاتییەکی یارسانی دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان سمێڵیان تاشی هەوڵی خۆکوشتنی دا

هاوڵاتییەکی کوردی یارسان لە شاری ساوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوەی تۆمەتێکیان ئاڕاستەکردووە وەک کەسە نزیکەکانی دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان وەک سوکایەتی سمێڵیان تاشیووە کە ڕەمزێکی ئایینی ئایینەكەیانە.

لە ئایینی یارساندا دانانی سمێڵ یەکێکە لە سیماکانی کەسانی پەیڕەوكاری ئایینەکە و دەستبردن بۆ ئەو سیمایە وەک دەستبردنە بۆ خوودی ئایینەکە.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایانکردووە، “دادگای شاری ساوە (جەواد ئەحمەدی) کە کەسێکی یارسانییە دادگایی کردووە و سەرەڕای ئەوەی تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ نەبوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان قسەیان بە پەیڕەوکارانی ئایینەکە وتووە و سمێڵیان تاشیووە”.

دادوەری لێکۆڵینەوەکە بە جەوادی وتووە، “ئەمر دەکەم سمێڵت بتاشن و دەتکەم بە پەند بۆ هەموو ئەوانەی وەک تۆ وان”.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە، “جەواد ئەحمەدی دوای ئەوەی سمێڵی تاشراوە و بە بارمتەی قورس ئازادکراوە، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کەسە نزیکەکانی ڕێگرییان لێکردووە”.

ئەمە حاڵەتی یەکەمی سوکایەتیکردن نییە بە پەیڕەوکارانی ئایینی یارسانی و پێشتریش لە هاوینی ساڵی 2013 دا لە بەندیخانەی هەمەدان سمێڵی یەکێک لە پەیڕەوکارانی ئایینی یارسانیان سووتاند، دوای ئەوە وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئەم هەوڵەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەند کەسێکی یارسانی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا و سێ کەس بە ناوەکانی، حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری، محەمەد قەنبەری گیانیان لە دەستدا.

ئایینی یارسان بە ئەھلی حەق یان کاکەیی دەوترێت كە گرووپێکی تایبەتن و ھەڵگری بیروباوەڕی ئایینیی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون، بە تایبەت لە کرماشان و گەرمیان.

کاکەیی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر-مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئایینی دەگەنەوە یەکتر.

شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکارییان بە خۆوە بینیووە، بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری كۆكن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووەتەوە و گەشەی کردووە، دواتر گەیشتووەتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران.

بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی «یارسولتان»ـە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (سلطان اسحاق)، ھەرچەند بوونی ئایینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میترایییەکان (4000–5000 ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئایینەکە دادەنرێت، کە ڕێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا، یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا موریدانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی (937 – 1010 ) لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نووسراوەکانی وەك نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانەكان لێیان دەڕواندرێت.

بابەتی پێشتر

حەوت خاڵی گرنگ لەسەر یاری لوتکەی نێوان لیڤەرپوڵ و یونایتد

بابەتی دواتر

ئیبراهیم خەلیل.. نزیكەى 50 هه‌زار تۆن شمەك گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه ‌یاخود سووتێندراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share