بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی 700 ملیار دینارەكە تەنها رێكاری كارگێڕی پێویستە و دەشڵێت، “بەغداد ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت”.
مەسعود حەیدەر بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، 700 ملیار دینارەكە لەلایەن سێ بانكەوە دەنێردرێت و تەنها رێكاری كارگێڕی ماوە و دەنێردرێت و ئومێدیش دەكەین بە زووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە، چونكە راگرتنی زیانی بە ئابوریی عێراق گەیاندووە.
لەبارەی ناردنی راستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدادەوە، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، “ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستوورە بۆیە بەغداد ناتوانێت راستەوخۆ مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت”.