قوباد تاڵەبانی: نابێت بەربەست بۆ کاری رێکخراوەکان و میدیاکاران دروستبکرێت

لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکیی ئازادانەی رێکخراوەکان و میدیاکاران دروستبکرێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا كە بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرا و چارەسەرکردنی خێرای کێشە ناوخۆییەکان بە پێویستزانرا لەپێناو بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێم لە عێراقدا، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیراندا هاتووە.

ئاشكراشیدەكات، سەبارەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەم خواستی هاوڵاتیانی هەرێمە و هەم خواستی هاوپەیمانەکانمانە و، بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی هاوپەیمانانیش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرێدراوە بە بەردەوامبوونی چاکسازییەکان، هەر بۆیە نابێت ئەم پرۆسەیە بە سستی بەڕێوەبچێت و تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا. لەمبارەیەوە شاندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەدا بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، پێویستە لەناو هەرێم لایەنە سیاسییەکان و حکومەت ئامانجێکی هاوبەش و یەکگرتوویان هەبێت و بە پلانێکی تۆکمە و هاوبەشەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دانوستان بکەن.

سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە ئەم کێشەیە بە زووترین کات چارەسەربکرێت تا بێ بودجەیی و بێ مووچەیی لەوە زیاتر کاریگەریی خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم دانەنێت.

هەر لەم چێوەیەشدا هەردوولا خوازیاربوون بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە و گرفت و کۆسپەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە چارەسەربکرێن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا. هەردوولا بە پێویستیانزانی حکومەتی هەرێم پشتیوان و هاوکاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بێت تا بتوانن بە ئازادانە کار و چالاکی بکەن، چونکە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆڵەکەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتن. جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، “نابێت هیچ بەربەستێک بۆ کار و چالاکیی ئازادانەی رێکخراوەکان و میدیاکاران دروستبکرێت”.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند؛ لەگەڵ ئەوەی رۆڵی ئەمریکا لە پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەرزدەنرخێنین، بەڵام بە پێویستیشی دەزانین ئەمریکا لە بوارەکانی دیکەی وەک ریفۆرمی ئابوری و باشترکردنی دۆخی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پاراستنی ژینگە و چۆنییەتی رووبەرووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات.

بابەتی پێشتر

عێراقییەك بە تۆمەتی تیرۆر لە ئەڵمانیا دەستگیركرا

بابەتی دواتر

ئاردا گولەر چاکبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share