ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە مووچە لە رێگای دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتەوە دابەشبكرێت

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی لە سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد بەبۆنەی گرێدانی كۆنگرەی پێنجەمینی یەكێتی، بە ئومێدی ئەوەی ئەم كۆنگرەیە، ببێتە مایەی برەودان بە دەرفەتی كاری هاوبەش و جەختیشكرایەوە كە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان مانگانە وەك هەموو مووچەخۆرانی دیكەی عێراق، لەرێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتەوە مووچەكانیان وەربگرن.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، لەلایەن عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەكانی كاری وردبینكردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایەڕوو، كە ماوەی هەفتەیەكە دەستبەكاربوون. ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەریی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بووە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە هەماهەنگیی وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا، كە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەكە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە جێبەجێكراوە و ئیتر ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، وەك شایستەی دارایی خۆیان دابینبكات و وابەستە نەكرێت بە ناكۆكی و كێشە سیاسییەكان و پابەندییەكان و پێویستە بەیەك چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بكرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاوڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی كوردستانیشەوە، یەكسانن لەبەردەم یاساكان و نابێت جیاكاریی بكرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆماركراو لە سیستمێكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتووی بایۆمەتریی، پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ كردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەكانی هاتووە لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستییەكانی سیستمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حكومەتی هەرێم درێغی ناكات لە هەوڵەكانی لەم بارەیەوە و بە ئەركی لەپێشینەی دەستووری و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرامبەردا ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە كە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێبكات، بە تایبەتیش كە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەكانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی كە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانكاتدا لەناو خشتەكانی بودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانكراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەكانی هەرێم ڕابگرن.

هەر لە راگەیەندراوەكەی حكومەتدا هاتووە، بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەك هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاكانی عێراق، مانگانە بێ هیچ كێشە و ئاستەنگێك، مووچەكانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم وەربگرن.

هاوكات بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بابەتی ڕێكار و هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەكانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و توركیا و ئامادەكارییەكانی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان كە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا خرایەڕوو، كە تێیدا ئاماژە بەوەكرا هەرێمی كوردستان لە دوای جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستكردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كردووە بەو بڕە نەوتەی داوایانكردووە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرجبكات و ئەمەش نیازپاكیی هەرێم پیشاندەدات.

بابەتی پێشتر

منداڵێک کەوتە ناو حەوزێكی ماسییەوە و خنکا

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچە راستەوخۆ لە بەغدادەوە دوا هەڵوێستی راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share