قوباد تاڵەبانی: حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی هەرێم

جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و حکومەتی هەرێم هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەمبارەیەوە نییە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا كە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا.

جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی لەئێستادا ئەولەوییەتی ئێمە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و بە‌غداد، پێویستە بەپێی دەستوور رێککەوتنێکی درێژخایەن و گشتگیر بکرێت و بەجۆرێک کە قابیلی جێبەجێکردن بێت.

سەبارەت بە پرسی نەوتیش، قوباد تاڵەبانی وتی، “لە ئێستادا حکومەتی فیدراڵ بەرپرسە لە فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و حکومەتی هەرێم هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەمبارەیەوە نییە”.

جەختیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەی نەوت و گاز لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا، پێویستە یاسای نەوت و گاز بەپێی دەستوور و بە رێککەوتن پەسەندبکرێت و لە دوای پەسەندکردنی یاساکەش، داهاتی نەوت و گازی هەموو عێراق بە یەکسانی بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراقدا دابەشبکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. لەم چێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە هەم خواستی خەڵکی کوردستان و هەم هاوپەیمانەکانمانە کە هێزێکی نیشتمانی تۆکمە و راهێنراومان هەبێت.

بابەتی پێشتر

سەرۆك بافڵ: ئێمە شانازی بە تێكۆشەرە دێرینەكانمانەوە دەكەین و سەرمایەی گەورەی ئێمەن

بابەتی دواتر

عەممار حەكیم: گفتوگۆ لەسەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share