وەزیری ئاوەدانكردنەوە: 60%ی رێگای دووسایدی كەلار-دەربەندیخان تەواوكراوە

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت، رێگای كەلار-دەربەندیخان 60%ی تەواوكراوە و تا كۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو رێگاكە تەواو دەكرێت.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەوەی بەلای وەزارەتەكەیانەوە گرنگە تەواوكردنی رێگا دووسایدەكانە كە لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمدان و بە شادەماری هاتوچۆ دادەنرێن.

وتیشی، “یەكێك لەوانە رێگای دووسایدی دەربەندیخان-كەلارە كە رێژەی جێبەجێكردنی گەیشتووەتە سەروو 60%”.

پرۆژەی دروستكردنی رێگاكە لە سەرەتا ساڵی 2011 گرێبەستی بۆ كراوە، تا ساڵی 2019 تەنها كەمتر 15%ی تەواوكراوە، لەدوای ساڵی 2019ەوە تائێستا 60%ی جێبەجێكراوە، دانا عەبدولكەریم وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر كاروبارەكانی وەك ئێستا بەڕێوەبچن، تا كۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو رێگاكە تەواو دەبێت، گەر بارودۆخی داراییش گونجاوبێت، دەتوانرێت پێش ئەو بەروارەش تەواوبكرێت.

سەبارەت بە رێگای دووسایدی سلێمانی-دەربەندیخان، وەزیری ئاوەدانكردنەوە رایگەیاند، پرۆژەكە لای كۆمپانیایەكی ئێرانییە و كارەكان وەستاوە، گرفتی یاسایی و تەكنیكی هەیە.

دەربارەی رێگای هەولێر-كۆیەش روونیكردەوە، ئەو رێگایەش كە كراوەتە پێنج قۆناغ و تونێلێك لەخۆدەگرێت، بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە.

دانا عەبدولكەریم ئەوەشی خستەڕوو، یەكێكی دیكە لە پرۆژەی رێگا دووسایدەكان، رێگای دوكان-چوارقورنەیە كە سێ قۆناغە، قۆناغی یەكەمی 95% یان زیاتری تەواو بووە و نزیكەی 20 كیلۆمەتر. قۆناغی دووەمی لە پردی هیزۆپەوەیە بۆ خەلەكان كە 45%ی تەواوكراوە و كاركردن تیایدا وەستاوە

باسی لەوەشكرد، قۆناغی سێیەمی رێگاكە لە خەلەكانەوە تا دوكان-ە، كە 10 كیلۆمەترە و ئاراستەی بانكی نێودەوڵەتی كراوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی.

بابەتی پێشتر

هەفتەی داهاتوو داهاتی شەش مانگی هەرێم ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

ئیسرائیل بە فەرمی دۆخی جەنگی راگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share