دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە دەڵێن، “پڕۆژەی ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچە، پڕۆژەی دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانە نەك كەسانی تازە هەڵتۆقیوی نەزان و پڕۆژە دز“.
ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، چەندین مانگە بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە كۆبوونەوە و سەردانی چەندین كەسایەتیی ناوخۆیی و پەرلەمانتاری خولەكانی پێشوویان كردووە كە بە سوپاسەوە هاوكاربوون لە رێكخستنی پەیوەندییەكانماندا و ڕاوێژمان پێكردوون.
ئاشکراشیدەکەن و دەڵێن، “بە بەڵگەی ڤیدیۆیی لەلامانە كە بیرۆكەی پڕۆژەكە هی دەستەكەمانە و پڕۆژەكە دكتۆر یوسف الكلابی نوسیوویەتی و داوای لە فراكسیۆنە كوردیەكان كردووە واژووی بكەن”.
دەشڵێن، “ئەگەر شاسوار ڕاستدەكات پڕۆژەكە پڕۆژەی خۆیەتی بۆچی پەرلەمانتارە بێدەنگەكانی لەناو پەرلەمان نقەیان لێوە نەهات؟.. ئەگەر شاسوار عەبدولواحید ڕاستدەكات ئۆپۆزسیۆنە بۆچی ناوی مامۆستایان ناهێنێت كە زۆرباش دەزانێت پڕۆژەكە پڕۆژەی مامۆستایان و دەستەی داكۆكییە، لەكاتێكدا نەیارەكانی پڕۆژەكە دانیان ناوە بەڕاستییەكاندا لەڕێگەی پەرلەمانتار و ماڵپە جنێوفرۆشەكانییەوە.
هەر لە راگەیەندراوەكەیاندا هاتووە، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد تاكە یەك دێڕ و وشەیان نەوتووە دوای پەسەندكردنی بودجە لەبەرژەوەندیی فەرمانبەرانی مووچە دزراو و دەستەكەمان بە باشی زانی لە 26ی ئەیلولی ئەمساڵدا واژوو كۆبكەنەوە بدرێتە دەست دكتۆر یوسف الكلابی بۆ ئەوەی بەرگریی لە مووچەی دزراومان بكات و پەرلەمانتارە كوردەكان بخاتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی ڕاستگۆییانە.
دەشڵێن، ئاگاداری هەموو ئەوانە دەكەین كە لەسەر دزینی بیرۆكە و كۆمێنت هەوڵ و ماندووبوونی كەسانی دیكە دەژین و درۆ ئەهۆننەوە كە دەستبەرداری ئەو ئاكارە ناشیرین و قێزەونە ببن و نەبنە هۆكاری شكستپێهێنانی پڕۆژەكەمان كە لە بەرژەوەندیی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمدایە، هاوشێوەی تۆماركردنی سكاڵا دژی پلەبەرزكردنەوە و پاشەكەوت بۆ موزایەدەیەكی حزبی هەرزان، بەبێ ئەوەێ دیراسەی سكاڵاكەیان بكەن كە پێمانووایە دەسەڵات، هاوشێوەكانی شاسوار بۆ لێدان لەهەر هەوڵێكی سەربەخۆ بەكاردەهێنێت.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشیاندا هاتووە، ئەو نووسراوەی بەدەستییەوەیەتی دەڵێت پڕۆژەی ئێمەیە، ئەوان تەنها واژوویان كردووە نەك خاوەنی پڕۆژەكەبن.