قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک کۆبووەوە

جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی لە وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چیک كرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی ساڵانی رابردووی حکومەتی چیکی کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لە بوارەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی و ناردنی پسپۆڕەوە.

قوباد تاڵەبانی بە پێویستیشیزانی کۆماری چیک بەشدارییەکی زیاتری هەبێت لە بووژاندنەوەی ئابوریی کوردستان و داواشیکرد زیاتر هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە بوارەکانی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی ئاووهەوادا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ پێویستە بە خێرایی لەڕێگەی گفتوگۆ و دانووستانەوە هەموو ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەربکرێن کە رێگرن لە بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی کە لایەنە سیاسییەکان پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگرن و بە یەکڕیزی و یەکگوتارییەوە لە بەغداد پێکەوە داکۆکی لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بکەن.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بە گرنگ زانی بۆ ئەزموونی هەرێم و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دیاریکراوە.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە باڵیۆزی کۆماری چیک لە عێراق، کونسوڵی گشتیی چیک لە هەرێم و جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو.

 

بابەتی پێشتر

فڕۆكەیەكی توركی لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە خرایەخوارەوە

بابەتی دواتر

لیڤاندۆڤسکی لە کلاسیکۆ بێبەش دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share