بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەمە ئاماری ساڵی 2020ی دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکان و ئەوانەی بازرگانی پێوەدەکەن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند 555 کیلۆگرام و 740 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆرە جیاوازییەکان دەستیبەسەرداگیراوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، “لە ساڵی 2020دا مادەی هیرۆینی دەستبەسەرداگیراو 405 کیلۆگرام و 123 گرام بووە، هەروەها 86 کیلۆگرام و 523 گرام تلیاک، هەروەها 52 کیلۆگرام و 541 گرام کریستاڵ، نۆ کیلۆگرام، 834 کیلۆگرام حەشیش و یەک کیلۆگرام و 719 گرام مادەی جۆری جامیکا دەستیبەسەردا گیراوە”.
ئامارەکە دەریخستووە، ئەو دەرمانە پزیشکییانەی کە لەمساڵدا دەستیبەسەرداگیراوە، بڕی دوو هەزار و 734 شیت حەپ لە جۆرەکانی کلۆنازپام، ترامادۆڵ، B2 ، میتادۆن، پرازۆلام، چەندین جۆری دیکەی حەپی هۆشبەر.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ئەو تۆمەتبارانەی کە لەمساڵدا دەستگیرکراون هەزار و 133 تۆمەتبارن، لەوژمارەیە 88 تۆمەتباریان بە دەستەبەر ئازادکراون و 916 تاوانباریشیان دۆسییەکانیان یەکلاییبووەتەوە و سزادراون، 58 تۆمەتباریشیان لەبەر کەمی بەڵگە لەسەریان ئازادکراون. 71 تۆمەتبار بە فەرمانی دادگا سنور بەدەر کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکان ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2020دا بڕی 10 ملیۆن و 955 هەزار دیناری ساختە دەستیبەسەرداگیراوە، 65 هەزار و 500 دۆلاری ساختە و 100 هەزار یۆرۆش دەستیبەسەرداگیراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، 83 چەکی کڵاشینکۆف و 39 دەمانچە، 29 دوربین و یەک قەناس، یەک بڕنۆ، یەک تاپڕ دەستیانبەسەرداگیراوە.