چۆن برنجى دروستکراو لە پلاستیک لە برنجى ئاسایى جیادەکەیتەوە؟

بوونی برنجی دروستكراو لە پلاستیك بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ زۆر كەس، شارەزایەكی خۆراكیش چۆنیەتی دروستكردنی و جیاكردنەوەی لە برنجی ئاسایی رووندەكاتەوە.

بەم دوایانە دیاردەى برنجى دروستکراو لە پلاستیک بڵاوبووەتەوە، ئەم جۆرە برنجە لە هەندێک لە وڵاتانى ئاسیادا بڵاوبووەتەوە و گومانیش دەکرێت لە چەند وڵاتێکى دیکەشدا بفرۆشرێت، بەڵام تا ئێستا پێى نەزانرابێت.

لەشكر حەمید، شارەزای بواری خۆراك دەڵێت، برنجى دروستکراو بووەتە بابەتێکى گەرمى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکەمجاریش لە سەنگاپورە ئەم برنجەیان ئاشکراکرد. ئەم برنجە لە وڵاتانى (ڤیتنام، ئیندۆنیسیا، هندستان و چین) بڵاوبووەتەوە.

سەبارەت بە زیانەکانى برنجى دروستکراو لە پلاستیک-یش دەڵێت، ئەوانەى ئەم جۆرە برنجەیان خواردووە ئاماژە بەوە دەدەن کە تووشى غازاتى ناوسک بوون، ئەمە جگە لە دروستبوونى چەندان کێشە لە سیستەمى هەرسدا.

پسپۆرانى تەندروستیش دەڵێن ئەم جۆرە دانەوێڵە دروستکراوانە ژەهراوین و زۆر کات لە داهاتوودا زیان بە سیستەمى هەرس دەگەیەنن، هەندێک جار دواى ماوەیەک نیشانەکانى دەردەکەوێت.

دەربارەی چۆنیەتیی دروستكردنیشی، لەشكر حەمید روونیدەكاتەوە، ئەم برنجە لە پەتاتەى شیرین و ماددە دەستکردە کیمیاییەکان پێکهاتووە.

سەبارەت بەوەی چۆن برنجى دروستکراو لە برنجى ئاسایی جیادەکەیتەوە؟ ئەو شارەزایە چەند رێگایەك ئاشكرادەكات لەوانە، کەمێک برنج بخەرە ئاوەوە و وەک برنجى ئاسایى بیکوڵێنە، هەر کات ئاوەکە کوڵا، جوان سەیرى سەر ئاوەکە بکە، هەوڵبدە بە شێنەیى بە کەوچکێک دڵنیابیتەوە لەوەى سەر ئاوەکە هیچ ماددەیەکى دروست نەکردبێت.

برنجە پلاستیکییەکە ماددەیەکى وەک سابون یان پلاستیکى تەنک دروست دەکات کە بە ئاسانى دەتوانیت بە کەوچکێک لایبەریت، ئەگەر ئەو ماددەیەى دروستکرد مەیخۆ و خێرا لایەنە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەرەوە تا ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.

هەروەها دەتوانیت کەمێک لەو ماددەیە دابنێیت کە دەریدەهێنیت و دواتر بیسوتێنیت، بەمەش زیاتر دڵنیادەبیتەوە کە ئەو برنجەى لە بەردەستتدایە دروستکراوە نەک ئاسایى، چونکە بە ئاسانى دەسوتێت بەهۆى ئەو ماددە کیمیاییانەى تێیدایە، لەشكر حەمید وا دەڵێت.

ئەوەش دەخاتەڕوو، یان بە رێگەیەكی ئاسانتر دەتوانیت بڕێك برنج بخەیتە ناو شوشەیەكی داخراو، بڕێك ئاو بكە ناو برنجەكە و لە شوشەکەدا دایبنێ بۆ ماوەی هەفتەیەك، ئەگەر برنجەکە كەڕووی نەكرد و بۆنی نەكرد بە دڵنیاییەوە پلاستیكە.

بابەتی پێشتر

شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق گەیشتە تاران

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ گۆهدار زێباری بە "تۆمەتێكی دروستكراو" لە هەولێر دادگایی دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share