بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاساییەوە كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان بۆ 10 رۆژی دیكە دواخرا.
كۆچەر عەلی، ئەندامی كۆنگرەی بزوتنەوەی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبووی كۆنگرە هەزار و 176 كەسە و پێویستە هەزار و 200 ئەندام زیاتر ئامادەبن.
وتیشی، “بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامان، بڕیاردرا ئەنجامدانی كۆنگرە بۆ 10 رۆژی دیكە دوابخرێت”.
لەو وادەیەدا كۆنگرە دەتوانرێت بە ئامادەبوونی تەنها 250 ئەندام ئەنجامبدرێت، ئەندامەكەی كۆنگرەی بزوتنەوە وای وت.
بڕیاربوو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ “كۆنگرەی دامەزراندن”ی بزوتنەوە بە ئامادەبوونی دوو هەزار ئەندام لە هۆڵی پێشمەرگە لە سلێمانی گرێبدرێت، بەڵام بەر لە دەستپێكردنی باڵی كامیل حاجی عەلی بایكۆتكردنیان راگەیاند بەهۆی زیادكردنی ژمارەیەك كەس وەك ئەندام بۆ ناو كۆنگرە، بەر لەوەی دواجار بڕیار لەسەر دواخستنەكەی بدرێت.