محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكیدا لەبەردەم كەسوكاری قوربانییانی رووداوەكەی قەزای حەمدانیە رایگەیاند، لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەكە دەكرێت و لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەین كە كەمتەرخەمبوون و دەشڵێت، “هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەكان حكومەت ئامادەیە”.
راشیگەیاند، ئەو رووداوانە بەشێكن لە قەزاو قەدەر رووداوەكە دەریخست گەلی عێراق لە كاتی رووداوە سەختەكاندا پێكەوەن و جێگەی نیگەرانی هەموو عێراقییەكانیش بوو.
ئاشكراشیكرد، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان رووداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمیی بووە و ئەو هۆڵەی كە ئاهەنگەكەی تێدا بووە مەرجی سەلامەتی تێدا نەبووە بۆیە لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەین كە كەمتەرخەمبوون.
وتیشی، هەرچی پێویست بكات بۆ بریندارەكان حكومەت ئامادەیە و تائێستا قەبارەی زیانەكان نەزانراوە.